Sunday, March 07, 2004

خەوەکەی پاشا


(کاریگەری هەڵبژاردنی دەربڕینەکان لە ژیانی ڕۆژانەماندا)

پاشا بە نائارامی لە ژوورەکەیدا دەهات و دەچوو، بانگی بەردەستەکەی کرد و وتی ڕاوێژکارم بۆ بانگ بکە...
پاشا خەوەکەی بۆ ڕاوێژکارەکەی گێڕایەوە و فەرمانی پێ کرد، کەسێکی شارەزای بۆ بهێنێت خەوەکەی بینیویەتی بۆی لێکبداتەوە. چەند ڕۆژێک دوای ئەوە، خەوبێژ هات و پاش گوێ گرتن لە خەوەکەی پاشا، وتی:

- قوربان ئەم خەوە شتێکی زۆر خراپە..
+ چۆن؟
- گەورەم لێکدانەوەی ئەم خەوە ئەوەیە کە ئێوە بە تەنیا دەمێننەوە و هەموو کەس و کارەکەت لەناو دەچن...

پاشا بەم قسەیە زۆر دڵتەنگ دەبێ، فەرمان ئەدات کە خەوبێژەکە دارکاری بکەن، چونکە نوقڵانەی خراپی لێداوە...
پاشا دوو سێ ڕۆژێک بەو خەمەوە کات دەباتە سەر، تا دیسانەوە فەرمان ئەدات کەسیێکی تری بۆ بهێنن...
خەوبێژ هەر کە گوێی لە خەوەکەی پاشا دەبێ، پێکەنین دەیگرێت و بە ڕوویەکی خۆشەوە بە پاشا دەڵێ:
- گەورەم، ئەم خەوە مژدەیەکی خۆشی پێیە..
+ پاشا بە سەرسوڕمانەوە: ئادەی پێم بڵێ چۆن؟
- گەورەم، ئەم خەوەی جەنابتان پێمان دەڵێ کە تەمەنی ئێوە لە تەمەنی هەموو کەسوکارەکەتان درێژتر دەبێ..

پاشا سەرێک دەلەقێنێ و لەبەر خۆیەوە دەڵێ: "چ کەسوکار زوو بمرن و چ تەمەنی خۆم درێژتر بێ، هەروەکو یەک وایە.. بەڵام تۆ بە شێوەیەکی تر دەرت بڕی.."
پاشا دەمخۆشی لێ دەکات و فەرمانیش ئەدات کە پاداشتێکی باشی بکەن.

هەربۆیە زۆر جار پێشینان و زاناکانیش دووپاتیان کردەوەتەوە و دەڵێن زۆر بیر بکەرەوە ئینجا قسە بکە.


-------------------------------------------------
* ئەم بابەتە و کۆمەڵێک بابەتی ترم، کە پێش ٢٠٠٤ نووسراون، بەهۆی کۆچ بەرەو یونیکۆد لە لایەن گووگلەوە، لە دەستچوون و بوون بە هێما.. هەوڵ ئەدەم دیسان بیاننووسمەوە و لە فەوتان ڕزگاریان بکەم.

No comments :