Sunday, July 10, 2011

پشووی هاوین لە لیژنەدا بووم


کات ئێوارە بوو، نان ئامادە و سفرە ڕاخراو هەموو دانیشتین و باوکم بیسمیلای کرد و هەموو بەدوایا دەستمان بە خواردن کرد. لەو ساتەدا، یەکێ لە دەرگای دا، دایکم وتی هەرکەسێکە فەرمووی لێ بکە و بابێ بۆ نانخواردن، بەختی خۆی. چووم دەرگام کردەوە، کابرایەکی دراوسێمان بوو، کاک جەلال، داوای باوکمی کرد، وتم نان دەخوا و فەرمووم لێکرد، بە شڵەژاوییەوە وتی وەختی نان خواردنم نیە، کە باوکت تەواو بوو با بێ، دەست بۆ سەر سووچی کۆڵانەکە ڕاکێشا، لە دوورەوە دوو سێ پیاوی تر دیاربوون، وتی کەسێک بە ئوتۆمبێلەکەم خۆی کێشاوە بە عەمودی تەلفۆنەکەیا...
هاتمەوە ژوورەوە، باوکم وتی با چایەکیش بخۆین، پاش ئەوە ڕادیۆکەی نایە بن گوێی و تا ئێمە تەواوبووین باوکم نوستبوو ڕادیۆش لەهەواڵ و مۆسیقا نەوەستابوو. منیش چووم بۆ لای پیاوانی گەڕەک، سڵاوم کرد و وتم باوکم کەمێک ماندووە، سبەینێ دێتە خزمەتتان، وتیان تۆ لەبری باوکت بە.
لیژنەیەکیان پێکهێنا لە چۆنێتی ڕووداوەکە بکۆڵێتەوە، لیژنەیەکیش بچن بۆ لای دەزگاحکومییەکان و پۆلیس ئاگادار بکەنەوە. لە گەرمەی قسەکردنا بووین، لێپرسراوێکی حیزبی دراوسێمان سەلامی کرد و وتی تەقەکە حیمایەکەی من پەرچەکردارانە کردویەتی و نەیزانیوە، زۆر داوای لێبوردن دەکەم. هەموو تێڕاماین، کاک جەلال وتی کاکە سەیارەکەی منیان داوە بە عەمودی تەلفۆنەکەیا. مەسئول: ئەی خۆ سەلامەتن؟، ئاخر لە حەیبەتی ئەو گرمەیە حیمایەکەم تەقەی بە ئاسمانا کرد.
ئەو قسانە زۆری کێشا تا کابرای مەسئول حاڵی بوو، کەس لەبەر تەقەی ئەو کۆنەبۆتەوە و کاک جەلال موشکیلەی چاککردنەوەی سەیارەکە و عەمود و وایەرە قرتاوەکانی بوو. ئەویش دوو حیمایەی بانگ کرد و وتی بزانن چەند وایەر و ماڵی کێ تەلفۆنی نەماوە. هەر ئەو ئەو شەوە سێ کەس چوونە لای پۆلیس، وتیان کە ڕۆژبۆوە دوو کەس دەنێرن بۆ لێپێچینەوە. بەیانی زوو  باوکیشم هاتە ڕیز، وتم بابە من لەبری تۆ ئەمە ئەکەم، چوینەوە لای پۆلیس، سەرلەنوێ چیرۆکەکەمان باس کردەوە، ئەفسەرەکە وتی لیژنەمان هەیە ئێوە بڕۆن دەیاننێرم. ئینجا چووین بۆ دائیرەی تەلفۆنات، لەوێ وتیان ڕاپۆرتی پۆلیس بهێنن، خۆشمان هەر ئەمڕۆ لیژنە دەنێرین کەشف بکا.
ئەم هەرا و بەزمی لیژنەیە، سێ ڕۆژی خایاند، وایەرە قرتاوەکان مەسئولەکە زوو چاکی کردنەوە، چونکە تەلفۆنی ماڵە مەسئولەکەش قرتابوو، بەس عەمود بەخواری مایەوە، سەیارەکەی کاک جەلالیش بە قوپاوی و گڵۆپێکیشی شکابوو، وەک خۆی مابۆوە. پۆلیس کەسی نەدۆزییەوە و تەلفۆناتیش داوای پارەیان دەکرد لە کاک جەلال حەقی عەمود گۆڕین و وایەر گۆڕین. شەو لە گەڕەکا کۆبووینەوە و لیژنەمان پێکهێنا بۆ لای پارێزگار، شەوی دوای ئەویش چووین بۆ لای کابرای مەسئول، ئەو وتی با درێژە نەکێشێ، لەگەڵما وەرن بۆ لای سەرۆکی حیزب. کاک جەلال و دوو پیاوی دراوسێمان بوون بە لیژنەیەکی تر و بڕیار درا هەمان ڕۆژ کە پارێزگار بینرا،  سەرۆکی حیزبەکەش ببینن. ئەمانە هەمووی کرا، پارێزگار لیژنەی پێداچوونەوەی خۆیان ڕاسپارد خەمی لێبخۆن و بەڵێنی دا حکومەت کرێی تێچوونەکە بدا، سەرۆکی حیزبەکەش وتبوی مادەم لەگەڵ ئەم مەسئولە خۆشەویستە هاتوون بەچاوان شتێکتان بۆ دەکەم. دوای دوو هەفتە دائیرەی تەلفۆنات هاتنەوە سەر کاک جەلال بۆ پارە و چاککردنی عەمود، سەرلەنوێ مقۆمقۆی ناو گەڕەک دەستی پێکردەوە، چوینەوە پۆلیس و نوسینگەی پارێزگار و مودیری تەلفۆنات، پۆلیس وتی لەبەر ئەو ڕوداوە هەموو شەوێ ئێشکگرەکانیان لەوێ دەسوڕێنەوە، لە نوسینگەی پارێزگار گلەیمان لێکرا کە داوامان لە سەرۆکی حیزب کردوە. لە ئاخیرا تێچوونی وایەرەکان، عەمود گۆڕین، چاکردنەوەی سەیارەی کاک جەلال هەمووی کران بە پسوڵە، نزیکەی دوومانگ تێپەڕی، پارێزگار کەوتبو بەقینا، دائیرەی تەلفۆنات دەیانوت یاساکان وا دەڵێن، پۆلیس کەسی نەدۆزیبۆوە، مەسئول و سەرۆکی حیزبیش ئاگایان لێ نەمابوو، ئەمانوت بوون بە کەڕەی شەربەت و وەعدەکانیان فشەبوون. هاوڕێیەکم هەیە لەگەڵیا باسی ڕووداوەکەم دەکرد، ئەیوت ئەبێ کەمپینی بۆ ڕاگەیەنن و میدیای ئەهلی بورژێنن. ڕۆژێک بەیانی هەستام عەمودەکەیان دەگۆڕی، سەیارەکەی کاک جەلال لەوێ نەمابوو. چەند ڕۆژێک تێپەڕی کەس باسی هیچی نەدەکرد، خۆ وتم هەر کاک جەلال بوو هەموومانی کۆ دەکردەوە و ئەیوت چی بکەین و چۆن وا دەبێ، ئێستا کڵۆڵە ئەویش تاقەتی چوە. باوکیشم لە دووەم ڕۆژی ڕوداوەکەوە هەر دەیوت خوا چاکی کا، هاوڕێکانم پێیان دەوتم پشووی هاوینەکەت خۆش بردۆتە سەر، خۆ هیچ نەبێ لە دوو لیژنەیا بووی. دەنگ بڵاوبوو کە حکومەت دۆسییەکەی داخستوە، چاککردنەوەی عەمود سەیارەکەش کاک جەلال داویەتی. ڕێکەوتم هێنا چوومە بەردەم کاک جەلال و لێم پرسی، بەپێکەنینەوە وتی وازبێنە باسی نەکەم باشە، خێرەومەنێ بەشێوەیەکی تر حەلی کرد و بڕانمانەوە و باوکتم ئاگادار کردەوە لێی. پیاوانی لیژنە لە گەڕەکی خۆمان خەمساردبون بپرسن کێ کردی، لایان گرنگ بوو چاکرا، کێ دەیکا گرنگ نییە. گەڕەک خەمی زۆربوو، چونکە پشووی هاوینیش بوو، هەر ڕۆژەی بەزمێ یەخەی دەگرتین، شاریش جمەی دێ و سەد گەڕەکی تر هەیە، خۆ ئەم هەموو گرفتە کۆبێتەوە مەگەر خوا خۆی چاکی کا. ماوەیەک تێپەڕی، هەفتەیەکی پشووم مابوو، کەوتمە ئامادەکردنی دۆڵابەکەم و ڕێکوپێک کردنی، دەفتەری تۆمارکردنی ڕووداوی عەمودەکەم هاتەوە بەردەست و خوێندمەوە، دەموت لەو هەموو لیژنانە، دوو سێ لیژنەی گەڕەک، هی پۆلیس، هی تەلفۆنات، هی پارێزگا، سەرۆکی حیزب، ئەبێ کێ حەلی کردبێ؟. پشووی هاوین تەواو بوو، یەکەم ڕۆژی مەکتەب مامۆستا پرسی کرد، وتی هاوین چیتان کرد، سەرەی قسە کردنی من هات، وتم مامۆستا چوومە لیژنەوە!.
ساڵهاتوچوو، شتێ هاتە بەردەستم، نووسرابوو: تێچوونی ڕووداوە سروشتییەکانی ساڵی ٢٠١١، لە شکانی شووشەی ماڵانەوە تیابوو تا ڕوخانی خانوو و کۆمپانیا، وتم ئەمە بۆیە حکومەت ئەڵێ بودجە بەش ناکا، جا خۆ موڵکی گشتییە و هەر بۆ خەڵکیش خەرج بکرێ باشە، سەیرت پێ نەیەت، عەموود و وایەرە قرتاوەکان و سەیارە نوێیەکەی مامۆستا جەلالیش لەو لیستەیەدا هەبوون!، بەڵام ئەزانن چۆن؟ بەناوی ڕوداوی تەقەی خۆشی!. تۆ بڵێی تەقەی حیمایەی مەسئولەکە حەلی کردبێ؟ یا لیژنەیەکی تریش هەبووە و ئێمە نەمانزانیوە.




No comments :