Thursday, August 25, 2011

منیش هەم



مرۆڤ ناتوانێ ئاراستەی با بگۆڕێ، بەڵام دەتوانێ چارۆکەکەی بەشێوەیەک هەڵکا کە بە ئامانجی خۆی بگەیەنێت.

ژیانی پێغەمبەران پڕە لە وانە و ڕێنوێنی بۆ ئێمەی دوای ئەوان، هەر بۆیە پەروەردگار لە قورئاندا چیرۆکی ڕووداوەکانی ژیانیانمان بە درێژی بۆ دەگێڕێتەوە[١]. ئەوانەی ڕەزامەندی خواشیان ویستوە، گوێڕایەڵ بوون و ژیانی پێشینەکان بوون بە پەند بۆیان، ڕێبازی ئەوانیان کردوە بە ئامۆژگا[٢]. یەکێ لەو پێغەمبەرانەی کە پەروەردگار چیرۆکی ژیانیمان بۆ باس دەکات و بە باشترین چیرۆک ناوی دەبات[٣]، چیرۆکی پێغەمبەر (یوسف)ە، سڵاوی خوای لێ بێت. کاتێک بێ تاوانی یوسف ئاشکرا دەبێت و پاشای میسر پێی دەڵێ: "ئەمڕۆ ئیتر بەڕاستی تۆ لای ئێمە خاوەنی پلە و جێگەی متمانە و باوەڕی"[٤]، پاشان یوسفیش لە وەڵامیدا دەڵێ:" پێم باشە بمکەیت بە لێپرسراو بەسەر گەنجینەکان و سامانی سەر زەوی ئەم وڵاتە. لەخۆم ڕادەبینم کە شت بپارێزم و زاناشم کە چۆن دەیپارێزم."[٥]

لەم ڕوداوەوە بۆمان دەردەکەوێت کە خوای پەروەردگار پێمان دەڵێ، کارێک ئەتوانی بیکەیت، دەستەوستان مەوەستە و وەرە پێش لێی. زانیت کە داناییت هەیە لە ئەنجامدانی کارێکدا هەوڵی بۆ بدە و زانایی خۆت بنوێنە. ئەمڕۆکە ئەم دەستپێشخەرییە لە هەموو کاتێک پێویسترە بۆ ئێمەی کورد، بەتایبەت لە باشووری کوردستان، خۆ هەرێمی کوردستان بە دەست گەندەڵییەوە دەناڵێنێ[٦][٧]. جاران ئەگەر لەبەر نەبوونی سیستەمێکی ڕێکوپێک بۆ بەڕێوەبردن و هۆکاریی نەشارەزایی لێپرسراوان گەندەڵی دروست بووبێ، ئەوا ئەمڕۆکە گەندەڵی یەخەی هەموو کاربەدەستێکی گرتۆتەوە، بەشێوەیەک کە ئەگەر گەندەڵیش نەبێت و نەیکات لکێنراوە بە ڕێچکەیەکی گەندەڵەوە کە گەندەڵی تیا کراوە و دەکرێت. لە دڵەوە هەموو ڕقمان لێیە و چارەی گەندەڵیمان ناوێ، کەچی زۆرکات بێ دەنگی هەڵدەبژێرین و بەرژەوەندی تایبەت تەوقمان ئەدات و ئەژنۆ شکێن قەتیس دەمێنینەوە، ئەوەمان بیر دەچێتەوە کە خۆمان نەیکەین کەس بۆمان ناکا و چاک نابێ[٨]. ترووسکایی دڵشادی لەوەدایە کە وڵات دەنگی مرۆڤی خاوەن باوەڕ لەخۆ دەگرێ، کە ئەتوانرێ بکرێن بە کەرەسەی خاو و تۆوی چارەسەری گەندەڵی. لێرەوە ئەو کردارەی یوسف خوا لێی ڕازی بێت، دەکەمە پەند و بە هەموو کەسێک دەڵێم، تۆش دەتوانیت لەم ساتەوە ئەو کەسە بیت کە چیتر گەندەڵی لە چاڵ دەنێی، تۆش بە زانینی خۆت وەرە پێش و خۆت دوور ڕامەگرە، قسە بکە، لاوازترین بڕوا هەڵمەبژێرە[٩]، تێکشانی مرۆڤ لەو خاڵەوە دەست پێدەکات کە کۆششی نامێنێت[١٠]. ئەوە جگە لەوەی ئەرکێکی مرۆییانەیە لەسەر حەق بێیتە قسە، ئەرکی بڕوادارانیشە[١١]. لەمەودوا ببە بە ئەو کەسەی کە خوا جڵەوی زەوی داوەتە دەست و کردویە بە جێنشینی خۆی لەسەر زەوی[١٢] و ژیرانە وەرە پێش و تواناکانی خۆت دەربخە، خۆ هەموو لە کەشتییەکداین و بە یەکگرتنی بازوی هەموو ڕزگارمان دەبێت[١٣]، ئاو لە سەرچاوەوە لێڵ بووە، با دەستی یەکبگرین و هاوکاریی چاکەکاران بین[١٤]، هەست کردن بە لێپرسراوی لەبیر نەکەین[١٥]، زانایی چ سودێکی هەیە ئەگەر بە کردار نەسەلمێنرێ[١٦]، چ بایەخێکی هەیە ئەگەر بە چواردەوری خۆت نەگەیەنرێ[١٧]. ئەوەش بزانە شارەزایی و زانایی جیاکەرەوەتن لەوانی تر[١٨]، وە بە باشترین کەسیش لە قەڵەم دراویت[١٩]. کەواتە چیتر چاوەڕێ مەبە تاکوو لیژنەکانی چاکسازی دەتگەنێ[٢٠]، ئەمڕۆ خۆت ببە بە چاکساز و خۆت دەنگت زوڵاڵ بێت، ئەوی بە تۆ دەکرێ، درێغی لێ مەکە و بڕۆ پێشەوە، بە سەروو خۆت بڵێ کە تۆ چیت پێ دەکرێ[٢١]، ئەگەر ئەو گوێی لێ نەگرتی، بە هاوڕێکانت بڵێ، بە نووسین بە خەڵکی بگەیەنە، قەتیش بۆ کاری چاکە چاوەڕوانی پاداشت و سوپاسگوزاری مەبە[٢٢]، ئیشی مەزن بە لەخۆ بردن و کۆشش ئەنجام دراوە[٢٣]، لەوە دڵنیابە کە خواش خۆشی دەوێیت[٢٤]، مۆمێک دابگیرسێنیت باشترە لەوەی لە تاریکیدا تەمەن بەسەر بەریت و نەفرەت لە تاریکایی بکەیت[٢٥]. بە قسەم دەکەیت؟

 پەراوێزەکان

[١]. سورەتی یوسف، ئایەتی ١١١، (لقد کان في قصصهم عبرة)
[٢] سورەتی الممتحنة، ئایەتی ٦، (لقد کان لکم فيهم أسوة حسنة)
[٣] سورەتی یوسف، ئایەتی ٣، (نقص عليک أحسن القصص)
[٤] سورەتی یوسف، ئایەتی ٥٤، (قال إنك اليوم لدينا مکين أمين)، تەفسیری ئاسان
[٥] سورەتی یوسف، ئایەتی ٥٥، (قال إجعلني علی خزائن الأرض)، تەفسیری ئاسان
[٦] ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان و هێزو لایەنە سیاسییەکان، خاڵی چوارەم.
[٧] پێدانەوەی متمانە  – دانپیانانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمان بە بوونی گەندەڵی و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردن
[٨] سورەتی الرعد، ئایەتی ١١، (ان الله لا يغير ما بقوم حتی يغيروا مابأنفسهم)
[٩] فەرموودەی پێغەمبەر موحەممەد دروودی خوای لێ بێت. " عن أبي سعيد الخدري رضي الله عنه قال : سمعت رسول الله صلى الله عليه وسلم يقول : ( من رأى منكم منكرا ليغيره بيده ، فإن لم يستطع فبلسانه ، فإن لم يستطع فبقلبه ، وذلك أضعف الإيمان)."
[١٠] پێشەوا عەلی کوڕی تاڵیب، خوا لێی ڕازی بێت، دەفەرمووێ: " إن أول ما تغلبون عليه من الجهاد : جهاد بأيديكم ، ثم الجهاد بألسنتكم ، ثم الجهاد بقلوبكم ، فمتى لم يعرف قلبه المعروف وينكر قلبه المنكر انتكس."
[١١] سورەتی البقرة، ئایەتی ٤٢ (ولا تلبسوا الحق بالباطل و تکتموا الحق)
[١٢] سورەتی البقرة، ئایەتی  ٣٠ (إني جاعل في الارض خليفة)
[١٣] فەرموودەی پێغەمبەر، ( مثل القائم على حدود الله والواقع فيها ، كمثل قوم استهموا على سفينة ، فأصاب بعضهم أعلاها وبعضهم أسفلها ، فكان الذين في أسفلها إذا استقوا من الماء مروا على من فوقهم ، فقالوا : لو أنا خرقنا في نصيبنا خرقا ولم نؤذ من فوقنا ، فإن يتركوهم وما أرادوا هلكوا جميعا ، وإن أخذوا على أيديهم نجوا ونجوا جميعا ). لە پەڕتووکی بوخاری.
[١٤] سورەتی المائدة، ئایەتی ٢، (تعاونوا علی البر والتقوی)
[١٥]پێشەوا بوخاری و موسلیم دەگێڕنەوە، کە لە دەمی عەبدوڵای کوڕی عومەریان بیستوە، خوا لێیان ڕازی بێ، پێغەمبەر موحەممەد دروودی خوای لەسەر بێت، فەرموویەتی:  "كلكم راع ومسؤول عن رعيته ، فالإمام راع وهو مسؤول عن رعيته ، والرجل في أهله راع وهو مسؤول عن رعيته ، والمرأة في بيت زوجها راعية وهي مسؤولة عن رعيتها ، والخادم في مال سيده راع وهو مسؤول عن رعيته ، فكلكم راع وكلكم مسؤول عن رعيته".
[١٦] ئامۆژگارییەکانی (ابن القيم): " لو نفع العلم بلا عمل لما ذم الله سبحانه أحبار أهل الكتاب، ولو نفع العمل بلا إخلاص لما ذم المنافقين".
[١٧] پێغەمبەر موحەممەد دروودی خوای لەسەر بێت، فەرموویەتی: "لا يؤمن أحدكم حتى يحب لأخيه ما يحب لنفسه".
[١٨] سورەتی الزمر، ئایەتی ٩، (هل یستوي الذين یعلمون)
[١٩] پێغەمبەر موحەممەد دروودی خوای لەسەر بێت، فەرموویەتی: "خير الناس انفعهم للناس".
[٢٠] بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازی لیژنەیەکی باڵاپێکدەهێنرێت
[٢١] ئەو کارەی ئەمڕۆ دەتوانی بیکەیت، مەیخەرە ڕۆژێکی تر، پەندێکی ئەڵمانی. پێشینانیش دەڵێن: کاری ئەمڕۆ مەخە بەیانی.
[٢٢] الاخلاق الفاضلة، عبد الله بن ضيف الله الرحيلي،  لاپەڕە ٩٠-١٠٦.
[٢٣] کارە مەزنەکان بە هێز نەکراون، بەڵکو بە لەخۆ بردویی کراون، وتەی ساموێل جۆنسۆن.
[٢٤] سورەتی آل عمران، ئایەتی ١٣٤، (واللە يحب المحسنين)
[٢٥] پەندێک

No comments :