Sunday, April 29, 2012

حکوومەتی خێرخوا


گەڕەکی ئێمە میللی بوو، لە نێوان دراوسێکاندا هاتوچۆ و سەردانی یەکتر زۆربوو، لە گەڕەکدا ماڵێک هەبوو، پێچەوانەی ئەم دەستوورە، هاتوچۆی کەسیان نەدەکرد، پەیوەندییان لەگەڵ دراوسێکاندا کەم بوو ، ئێمەش کە تۆپتۆپێنمان دەکرد، زۆر خەممان دەخوارد کە تۆپەکە نەکەوێتە ئەو ماڵەوە، چونکە تا هەفتەیەک نەمان دەبینییەوە، خۆ دەرگایان لە کەس نەدەکردەوە، حەمە ئەیوت زەنگی دەرگاکەیان بەس دیکۆرە.
گەورەیی ئەو ماڵە وەکو ماڵی ئێمە بوو، ئۆتۆمبێل و پۆشاکیان هەر وەک هی ئەو خەڵکە بوو، کەچی خەڵک پێیان دەوتن کابرا لۆرتە، واتە سامانێکی زۆری هەیە، مەکتەبی بۆ گوندێک دروست کردوە، مزگەوت دروست دەکات و مووچە ئەدات بە هەژاران. ساڵ هات و ڕۆی، ماڵ لەو گەڕەکە گواستیانەوە و ئێمەش گەورەبووین و حەمەش بوو بە مامۆستا لەو گوندە. ڕۆژێک باسی دابەشکردنی زەوی و خێر و بەرەکەتی ئەم حکومەتەمان کرد، حەمە پێکەنین گرتی و قاقایەکی لێدا، وتی: "شتێکم بیر کەوتەوە، ماڵێک هەبوون لە گەڕەکدا، ئەو کابرا تووڕەکەی دەرگایان لە کەس نە دەکردەوە"، وتم: "ئێ!".

وتی: "ئەو مەکتەبەی کە وانەی تیا دەڵێمەوە ئەو کاتی خۆی دروستی کردوە". وتم: "ئینجا ئەوە کەی هی پێکەنینە". وتی: "ئارامت بێ، کاتی خۆی ئەم کابرایە قۆنتەرات چی بووە، بڕیار بووە لەوێ خەستەخانە دروست بکا، پرۆژەکەی تەواو نەکردوە، سێ هێندەی پارەی خۆی لەسەر پرۆژەکە وەرگرتووە، پاشان حکوومەت ئاگاداری دەکاتەوە، ئەویش دەزانێ لەوێ قوتابخانەش دروست دەکرێت، دەڵێ من لەسەر ئەرکی خۆم قوتابخانەکە دەکەم، قوتابخانە تەواو دەکات و قوتابیش دەچێتە ناوی، هێشتا خەستەخانە پەنجەرەی تیا نابێ ... ". وتم: "ئێ!".

وتی: "ئەم کابرایە بۆ خەستەخانەکە دەچێتەوە لای حکوومەت داوای پارەی تر دەکات، حکوومەت دیسان قەبووی ماددی دەکەنەوە، چونکە نرخی دراو بەرزبووەتەوە، پارچە زەوی تری ئەدەنێ بۆ حەوشە و باخی خەستەخانەکەش، بە حساب پرۆژەکە فراوان بووە، کابرا پرۆژەی خەستەخانەکە دەفرۆشێتەوە و خۆی تەواوی ناکا، کە ئێستاش تەواو نەبووە، حەوشەکە کراوە بە ساحەی تۆپتۆپێن و دوو ژووری بچووکی کراوە بە نیمچە نەخۆشخانەیەک، ئینجا لە هەمووی خۆشتر، کابرا لەناو شار نۆژەن کردنەوەی شەقامێک وەردەگرێت، لەوێ دەبیستێت خەڵکی گەڕەک داوای مزگەوت دەکەن لەسەر ئەو شەقامە، نایکا بە نامەردی پێیان دەڵێ من لەسەر حسابی خۆم دروستی دەکەم، حکوومەت ئەرزەکەی ئەداتێ، بەهۆی مزگەوتەکەوە، دوو شەقامی پشت مزگەوتەکەش دروست دەکا و پارەکەی لە حکوومەت وەردەگرێت، کابرا خوا لێی خۆش بێ مردووە و مزگەوتەکەشی بەناوەوەیە، ئێستا دەرکەوتووە کە پارەی دروست کردنی مزگەوتەکەشی لەسەر حکوومەت حساب کردوە بە حەق دەستیشەوە، دە بڵێ ئەم حکوومەتە بەبەرەکەت نییە و خەڵکی خێراخوا دروست ناکا دەی".
وتم: "ئەشهەدوبیلا خێرخوایە".

No comments :