Tuesday, October 01, 2013

فەرهەنگی ئەڵمانی کوردی بەڕێز دکتۆر فەریاد

لەم ڕۆژانەدا، فەرهەنگی (ئەڵمانی - کوردی)ی بەڕێز (د.فەریاد فازیڵ)م بەدەست گەیشت، کە کاکە فەریاد ئەرکی کێشابوو و ئەو فەرهەنگە ناوازە گرانبەهایەم بە دیاری پێ بگات.
سەرەڕای سوپاس و پێزانینم بۆ ئەو ئەرکەیان، دەستخۆشی زۆری لێ دەکەم کە ئەم شاکارەی پێ گەیاندووە. ئەتوانم بڵێم بوونی ئەم فەرهەنگە لە ماڵی هەموو کوردێکدا لە ئەڵمانیا پێویستە.
نەک تەنیا وشە و لێکدانەوە، بەڵکو ڕێزمانی ئەڵمانی و چەندین هاوواتا و بواری بەکارهێنانی زاراوەکانی شی کردووەتەوە. ئەم فەرهەنگە (ئینستیتووتی خوێندنی کوردی لە بەرلین) چاپی کردوە، وەکو کاک فەریا بۆی باس کردم، هەر خۆی زۆرتر لە ٢٥٠٠٠٠هەزار وشەی نووسیوەتەوە بە کۆمپیوتەر بەو کڵێشەیەی کە بۆی چێ کراوە. هەر لە ڕێگەی (ئینستیتووتی خوێندنی کوردی) خەڵک دەتوانێت ئەم فەرهەنگەی دەست بکەوێت.


ساڵەکانی ١٩٩٨ و ١٩٩٩ من خەریکی پیتچنین و ڕێکخستنی فەرهەنگی مامۆستا بووم، کە بەڕێز شەوکەت ئیسماعیل حەسەن ئامادەی کردوە، ئەو بە دەستنووس بە چەند دەفتەرێکی دایە دەستم، منیش پاش دوو ساڵ بە ئەلیکترۆنی و لە کڵێشەیەکی هاوشێوەی ئەوەی دکتۆر فەریاد دامەوە دەستی. بێجگە لە تۆخ و کاڵی بۆ وشە سەرەکییەکە، من شێوەی لار و ڕەنگی سووریشم بەکار هێنابوو، بۆ ئەوەی وشە لاتینیەکە زوو جیابکرێتەوە. شەونخونی و زۆرمانەوەم لەسەر کۆمپیوتەر، لەگەڵیدا دوورکەوتنەوەم لە زۆر کاری تری خۆم لەو دووساڵەدا، پێم دەڵێ کە ئەم فەرهەنگەی کاک فەریاد چەند ئەرک و کاری ویستووە. 

ئەمڕۆ لەخوا بەزیاد بێ زۆر لە گرفتەکانی نووسین بەکوردی لە سیستەمە جۆربەجۆرەکانی کارپێکردنی کۆمپیوتەردا شیکار کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا کڵێشە و پیت چنین ئەرکی کەسانێکن کە سەلیقە و ئارەزوویان لەو کارە هەبێ، کە بەداخەوە زۆر لە نووسەرەکانی ئەمڕۆ ئەو کارە خۆیان ئەنجامی ئەدەن، لەوەوە دەبینین زۆر هەڵەی زمانەوانی و هەڵەی تەکنیکی دروست بوون کە چاککردنەوەیان لە داهاتوودا سەختە.

کاتێک خەریکی فەرهەنگی زانستپەروەرانی کورد بووین لەگەڵ هاوڕێکانمدا، هانامان بۆ زۆر پسپۆڕی زمان و دامەزراوە برد، لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستان، کاردانەوەی زۆریان هەستی زانستی و کارکردنمانی لەسەر پرۆژەکە سارد کردەوە. لە دیوێکی ترەوە ڕێگریان لە دڵماندا دروست کرد کە بەدوای خەڵکی تریشەوە بین و فەرهەنگەکەمان دەوڵەمەند بکەین. لەگەڵ ئەوەشدا کۆڵمان نەدا و بە ئاستێکی باشمان گەیاند و دوو جاریش چاپ کرا لە کوردستان و ئەکادیمیای کوردیش لە هەولێر پەسەندیان کرد و هەڵسەنگاندنیان بۆ کرد. 
مامۆستا فەریاد فازیل و مامۆستا جەمال عەبدول لەو کەسانەبوون کە زۆر جوامێرانە هەڵوێستیان نواندوە، لەگەڵ بوونی کەموکورتی لە پرۆژەکەماندا، زانستیانە تەماشای پرۆژەکەیان کردوە، گوێیان لێ گرتوین و پێشنیاریان پێشکەش کردوین، وەکو ئێمە خۆبەخشانە لەکات و پشووی خۆیان بورد و پێیداچوونەتەوە، کە لە داهاتوودا چاپ دەکرێتەوە.




No comments :