Friday, January 17, 2014

یادی پێغەمبەر

لەم ڕۆژانەدا ساڵیادی لەدایکبوونی پێغەمبەرمان بەڕێ کرد. ڕاستیەک هەیە لەسەر ئاکار و ڕەوشتی پێغەمبەری ئیسلام، محەممەد (دروود و سڵاوی خوای لێبێت)، پێش  بوونی بە پێغەمبەر، ئەویش ناسراوی بوو بە دەست پاکی و ڕاستگۆیی. هەموو ئاماژە و گێڕانەوە مێژوویەکانی ئەو دەمە، باس لەم دوو سیفاتە دەکەن، کە محەممەد (دروود و سڵاوی خوای لێبێت) نەک هەر دەستپاک و ڕاستگۆ بووە، بەڵکو بەوە ناوبانگی دەرکردوە[١].
قورەیش کاتێک شەڕی بڕواداری و سەلماندی یەکتاپەرستی لەگەڵ پێغەمبەردا دەکرد و ناوی خراپی لێ دەنا و بوختانی بۆ هەڵدەبەست کە شێت بووە، یا عەقڵی لە دەستداوە، نەیدەتوانی ئینکاری لەو دوو سیفەتەی بکا؛ ڕاستگۆیی کە هەرگیز درۆیان لێ نەبیستبوو، دەستپاکی کە هەمیشە ماڵ و کاڵای خەڵکی گەیاندوە و پاراستووە.


کاتێکیش بوو بە پێغەمبەر (دروود و سڵاوی خوای لێبێت)، خوا بە موسوڵمانەکانی وت: "پێغەمبەری خوا چاکترین نموونەیە تا چاوی لێ بکەن، بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی ڕەزامەندی خوایان لا مەبەستە، سەرفرازی ڕۆژی دوایی ئاواتیانە"[٢]. لە ڕەوشت بەرزی و ئاکار پەسندیدا خوا بە مەزنترین ناوی بردوە[٣]، هەر خۆیشی باس لە ڕەوشت بەرزی و جوامێری دەکات: "من هاتووم ئەرکم تەواوکردنی ڕەوشت و ئاکارپەسەندیە"[٤].

ڕاستگۆیی
لەو حاڵەتانەدا نەبێت کە درۆکردن تیایدا ببێتە هۆی پاراستنی ژیان و دروست نەبوونی شەڕ و لە جەنگدا لەگەڵ دوژمن کە ئیسلام تا ڕادەیەک حەڵاڵی کردوە[٥]، ئەگینا درۆزن بەکەسێکی زیادەڕۆ ناو براوە کە خوا ڕێنموونی ناکا[٦] و بە سەرنەکەوتوو باسی دەکات[٧]. کەچی ئەمڕۆ دەبینی کابرای بڕوادار بۆ دینارێک درۆ دەکا، بۆ خۆ بردنە پێشەوە ڕاستی ناڵێت، بۆ خۆ زل کردن ڕیابازی سوێندی درۆ دەخوا، زۆرکەس بیریان چووەتەوە کە درۆزن دوو ڕووە و دووڕووییش بڕواکەت ئەدۆڕێنی[٨]، درۆ بناغەی کردەوە خراپەکانە و لەسەری هەموو کردەوەیەکی ناشیرین بنیات دەنرێت.


دەستپاکی
دەستپاکی واتە کەسی بەدوور لە گەندەڵی. کەسێک کە ئیشەکەی خۆی بێ غەش پێشکەش بکا، بڕوادار داوای لێ کراوە دەستپاک بێ[٩]،ئەوەی غەشیش بکا بەدەرە لە ئیسلامەتی[١٠] و دەبێت پاشگەزبێتەوە و دان بە هەڵەکەیدا بنێ. هەر کارێکت لە ئەستۆ بێ، هەر کارێکت لە ژێر دەست بێ، ئەوا سپێرراوی بەوەی کە بە پوختی ئەنجامی بدەیت، ئەمانەتێکە و دەبێت بیگەیەنێتە شوێنی خۆی لە کاتی خۆیدا، نەکردنی واتە نەگەیاندنی.



ئایا ئەگەر بێت و ئەمڕۆ ئێمە تەنیا لەو دوو سیفەتەدا بمێنینەوە و لەناو خەڵکی بڕوادار و موسوڵماناندا بگەڕێین، کەسانێک دەببینینەوە ئەو دوو ڕەوشتەیان تیا بێت؟

لە خۆتەوە دەست پێ بکە و درۆ مەکە، کاتێک هاوڕێکان بژار دەکەیت، بیر لە دەستپاکیان بکەوە. تۆ کاتێک پێشەواکەت هەڵدەبژێریت بیر لە ڕاستگۆییەکەی بکەوە، تەماشای کار و کردەوەکانی ڕۆژانەت بکە و ڕاستگۆیی و دەستپاکیان تیا بدۆزەوە...

ئەوڕۆکە ئەو بێسەروبەرییەی ناو دەستگاکانی حکوومەت لە نەبوونی ئەم دوو سیفەتەوە سەری هەڵداوە، تۆ با چاودێریشت نەبێ، با لێپرسینەوەشت نەبێ، بە ئەرک و کاری خۆت هەستە، دەستپاک بە و درۆ لەگەڵ خۆت و هاونیشتمانانت مەکە.


-------------------------------------------------------------------------------
[١] لە زمانی عەرەبیدا بە (الصـادق الأمين) ناوی براوە. وەکو نازناوێک لە مەککە درابووە پاڵ محەممەد پێس بوونی بە پێغەمبەر (دروودی خوای لێ بێت).
[٣] قورئان: سورەتی (القلم)، ئایەتی ٤، لاپەڕە ٤٥٦
[٤] فەرموودەی پێغەمبەر: "إِنَّمَا بُعِثْتُ لأُتَمِمَ مَكَارَمَ الأَخْلاَقِ" - گێڕانەوەی (أبي هريرة) - ٤٢٢١.
[٥] بڕوانە کتێبی (روح الاسلام)  - نوووسینی (عفيف طبارة) - لاپەڕە ٢٤٧
[٧] قورئان: سورەتی (النحل)، ئایەتی ١١٦
[٨] ١. فەرموودەی پێغەمبەر: ''آية المنافق ثلاث: إذا حَدَّث كَذَب، وإذا وعَد أخلف، وإذا أؤتُمن خان''. ٢. قورئان: سورەتی (النساء) ئایەتی ١٤٥
[١٠] فەرمودەی پێغەمبەر: (من غشنا فليس منا) - مسلم في الإيمان (101، 102) لە گێڕانەوەی (ابي هريرة)





No comments :