Monday, February 03, 2014

توورەکە


لە جەژناندا "یانصیب" هەبوو، دەستت دەکرد بە توورەکەیا ژمارەیەکت دەردەهێنا، بە منداڵی هەموو جارێ دەمکڕی هەر "بۆش" دەهاتە دەرەوە، عاریشم نە دەنا، جەژنی داهاتوو دیسان دەستم ئەکردەوە بە توورەکەکەیا. بەو یادەوە لە تیروپشکی (سەیارەی کیلۆمەتر سفر)دا بەشداریم کرد، هەر نسیب نەبوو. بەخت و ناوچەوانی من وایە، هەتا من بووم بە ڕۆژنامەنووس، پارچە زەوی نەما دابەش بکرێ.


 وتیان ئەبێ ناوتان بخەینە توورەکەوە. دووجار تیر و پشک کرا ناوی منی تیا نەبوو. نۆرەی حەجم گرت، وتم مادەم توورەکەیە ناچم، تا بەزۆر ڕازیان کردم، تا ئەمڕۆ ٣ جار ناوم چۆتە توورەکەکەوە و نەهاتووەتە دەرێ. خێرەومەنێ لە ئەوروپاوە بانگهێشتی تیمێکی کرد، ئەوانەی ئارەزوویان دەکرد، هێندە زۆر بووین ناومان خرایە توورەکەوە و دیسان کورتی هێنا. ڕۆژێک گۆڤارێکم کەوتە بەردەست باسی ژن هێنانی توورەکەی دەکرد، ناوت رادەکێشن و کچێکت ئەکەن بە نسیب، وتم ئەوە ببێ بە باو لێرە، من بێژن سەر ئەنێمەوە.
لە گەڕەکەکەماندا زۆر جار لەگەڵ میراوەکەیا دەکرا بەشەڕ و هەرا لەسەر سەرەی ئاو، تا ڕۆژێ بەخەیاڵمدا هات و وتم با تیر و پشک بکەین، لەوەشا ناوی کۆڵانی ئێمە کەوتە دواوە. کە ماڵمان گواستەوە (مۆلیدەی گەڕەک) وتیان سێ ماڵی تازەن و دوو خەتمان ماوە، تیروپشکمان کرد، بەخت نەیهێنا یەک مانگ لەبەر چرایا پارشێومان کرد. ئەم توورەکەیە بووە بە بەشێک لە ژیانم، پارەی حکومەت کورتی هێنا دوای ٥٠ رۆژ وتیان پارەی مانگانەکە کەمە دەیکەین بە تیروپشک، لەمیشیاندا ناوم نەهاتە دەرەوە.
لەو لێکدانەوە و بیرکردنەوەی توورەکە و تیروپشکەی مووچەکەمدا بووم، خۆ ئەم ژیانە وەکو توورەکەی لێ هاتوە، کێ زوو ناوی دەرهێنرا ئەبێ بە شت و براوەیە، سەرخەوێکم شکاند، لە خەومدا کارتی هەڵبژاردن دابەش دەکرا، ئەو خەڵکە هەموو کارتیان بەدەستەبوو، بەمنیان دەوت: "ناوت لە توورەکەکەدا نیە، بەڵێنمان بدەرێ دەنگمان ئەدەیتێ، کارتی تایبەتت ئەدەینێ"، ئەموت: "نا بیخەنە توورەکەکە". ئەیانوت: "دەنگتمان بەرێ و کارت وەربگرە"، هەر دەمووت: "نا، نا..توورەکەکە"، ئەیانوت: "ئاخر تا ئێستا ناوچەوانت نایهێنێ وەرە لەقە لە بەختت مەدە.."، هەر دەمووت: "نا، نا..توورەکەکە". هەتا خەبەریان کردمەوە وتیان کاکە هەستە ئەو هات و هاوارەت لە چیە، ها بگرە ئەوە کارتی هەڵبژاردنەکەتە..

No comments :