Sunday, August 31, 2014

پشووی هاوین کوڕە پێشمەرگەبووم

peshmergeپاش دوا تاقیکردنەوەی ئەمساڵ هاتمەوە ماڵێ، وەکوو ڕۆژای پێشوو خەیاڵ و هۆشم لای شیکاری پرسیارەکان بوون، ئەبێ چەند بهێنم و کامە وەڵامم ڕاستە... هێشتا بیرم لە پشووی درێژی هاوین نەکردبووەوە.
ئێوارە باوکم دوای نانخواردن، وتی: "شوکور بۆ خوا مەکتەبت تەواو کرد، دڵنیام کە نمرەی باش دەهێنیت و بە دڵی خۆت دەچیتە زانکۆ، من چاوەڕوانی تۆ بووم، دایکیشت ئەزانێت، وتم با سەری لێ نەشێوێت."
من: "یا ئەڵڵا، خێرە باوکە؟"

باوکم: "کوڕم تۆ گەورەیت،  نیشتمان خۆشەویستە و منیش بە ئەرکی خۆمی دەزانم بگەڕێمەوە ڕیزی جەنگاوەرەکان. بەیانی لەگەڵ دوو هاوڕێی ترما دەڕۆین بۆ بەرەکانی شەڕ.."
من: "ئاخر بابە..."
باوکم: "با من تەواو بم، ئەوسا قسەی خۆت بکە. ڕۆژانە بچۆ لە بری من دوکان بکەرەوە و حەمەی شاگرد هەموو شتێک دەزانێ و ئاگات لە فرۆش و خەرجیەکان بە لەگەڵیا، دنیا هەزار شتی هەیە و بۆی هەیە من نەگەڕێمەوە و بکوژرێم، تۆ ئەبێت وەکوو پیاو لەگەڵ دایکتدا مامەڵە بکەیت و هاوکاریی بکەیت، ئەوانی تر بچووکن و لەمە تێناگەن".

دڵم پڕ بوو و کەمێک گریام، وتم: "باوکە گیان خوا نەکا هیچت لێ بێ، خەمت نەبێ، ئەوە بڕیاری خۆتە و منیش لێرە بە کاری خۆم هەڵدەستم".
 
تا هەفتەیەک باوکم ئێواران قسەی لەگەڵ دایکم دەکرد، دووجار (یەکە)م بۆ نارد و مۆبایلەکەیمان پڕ دەکردەوە، هەفتەی دووەم دەنگی نەما، دوو ڕۆژ بوو قسەی نەکردبوو، دایکم ناونیشانی یەکێک لە هاوڕێکانی دەزانی، ماڵومنداڵی ئەویش سەفەری ئەوروپایان کردبوو، دەمووت خوایە نەنکم جاران چۆن هەواڵی باوکمی دەزانی کە لە شاخ پێشمەرگەبوو؟.
٤ ڕۆژ دانمان بەخۆماندا گرت، دایکم زۆر خەمی بوو، منیش وەکوو زەمانی زووی باوکم، ڕادیۆکەم لەلاوە دانابوو، لە کویا شەڕە و لە کوێ کوژراو هەیە، بە دەقە و سەعات، گوێم لە چەند کەناڵێک دەگرت. سەری پێنجەم ڕۆژ، زەلامێک تەلەفۆنی کرد، وتی من لەگەڵ باوکتدام، شوکور باشە و خەمتان نەبێ. ئەو قسەیە دایکمی زۆرتر هەراسان کرد، ئیتر لەگەڵ لایلایەی ئەودا هەموو دەگریاین. لە لایەکی تریشەوە دەمانوت خۆ نەمابێ، زوو پێمان دەڵێن.
هەفتەونیوێک تێپەڕی، منیش لە دایکم خراپتربووم، ئاخر خەمی بێهەواڵی باوکم لەلایەک و جۆراوجۆری هەواڵەکانی کەناڵەکانیش  کە لەسەر شەڕەکە پەخش دەکران لە لایەکی ترەوە، بێزاری کردبووین، نەماندەزانی کوێ کوردی لێیە و کوێ گیراوە، چەند کوژراوە و چەند گیراوە..
شەو ڕێکەوتین کە بەیانی زوو خۆم بڕۆم بەو ناونیشانەی کە باوکم لە شەوانی یەکەمەوە ئەیدا بە دایکم. دایکم داینابوو خۆی بڕوا، بەس من سوێندم خوارد کە بڕوا منیش دەچم و ناگەڕێمەوە. سبەی بە پاس بە ڕێکەوتم. چەند سەعاتێک ڕێ گەیشتمە کفری. زوو زوو هەواڵم ئەدا بە دایکم لە کوێم و گەیشتوومەتە کوێ.
بە ناونیشان و ناوی لێپرسراوەکەی باوکم، یەکەیەکی سەربازیم دۆزیەوە. پێشمەرگەکان بۆ حەواندنەوە لەوێ بوون، دوا شوێن بوو کە خەڵکی ئاسایی بتوانێ بۆی بچێت، نانخواردنم بیرچووەوە، تەنیا خەمم سۆراخی باوکم بوو. چەند ژوورێکم کرد کەس باوکمی نەدەناسی، تەلەفۆنیان بۆ لێپرسراوەکەی باوکم کرد، وتی وەرە بۆ لام. چاوەڕێم کرد تا سەیارەی خواردن بەڕێ بکەوێ و منیش لەگەڵیانا بڕۆم، دوو جێگەی کرد، سەری سێیەم شوێنەکەی باوکم بوو، بەو ناونیشانەی لێپرسراوەکەی.
چوومە لای و لە بەشی خواردنی خۆیان قاپێکیان بۆ تێکردم، بردمیە ژوورەکەی باوکم، وتی ٣ ڕۆژە باوکت و چەند پێشمەرگەیەکی تر ڕۆیشتوون بۆ ناوچەیەکی تر، ناتوانم زانیاریت بدەمێ، بەڵام خەمت نەبێ، هەموویان ساخ و سەلامەتن، ئەوەش جانتاکانیانە، کامە هی باوکتە؟ دەستم بۆ جانتای باوکم ڕاکێشا و ڕەسمم گرت بە تەلەفۆنەکەم وە ڕەسمیشم لەگەڵ خۆیدا گرت، ژمارەکەیم وەرگرت، هەندێک وێنەی تریشم گرت، پێکەوە لەوێوە قسەمان لەگەڵ دایکم کرد، خەممان کەمێک ڕەویەوە و فەرمانیدا تا شوێنی پاسەکانم ببەن، بەرەو ماڵەوە بەڕێ کەوتمەوە...
لە پاسی گەڕانەوەمدا، تەنیشتم کوڕێکی گەنج بوو، کەوتینە قسە کردن، یەکەمجار لەسەر تاسە و ناجۆری ڕێگا دواین، دواتر گەرمای ناو پاسەکە. پرسی کرد کارت چیە بۆ هاتووم؟ هەندێکم بۆ باس کرد، وتی خۆ منیش بۆ شتێکی وا هاتووم، باوکم شەهیدە، بەڵام مێردی خوشکم پێشمەرگەیە و هاتم سەردانم کرد...بووین بە هاوڕێ و بڕیارماندا جاری داهاتوو، بە سەیارەکەی ئەو بڕۆین، کە دابەزی قاچێکی بەدوای خۆیا ڕادەکێشا، بە خەمەوە پرسم لێ کرد، وتی فیشەکی بەرکەوتووە بەس زوو چاک دەبمەوە و ئۆتۆماتیکم هەیە قاچێکی بەسە، خەمت نەبێ.
لە ماڵەوە، ٣ جار هەموو بەسەر هاتەکانم بۆ دایکم باس کرد، پرسیاری وا هەبوون تا دوو ڕۆژ دووپاتی دەکردەوە، ڕەسمەکانم نیشاندا و کەمێک بۆ جانتای بەجێماو گریا، کولیچەم بردبوو بۆ باوکم، خستمە ناو جانتاکەی تا بزانێ کە من چووم. بە دایکمم وت بەتەمای تەلەفۆنی باوکم نەبێ تا دەگەڕێتەوە ئەو شوێنە، چونکە تەلەفۆنەکەی لە جانتاکەدا بوو!. دایکم بڕوای بە نیوەی قسەکان دەکرد، بەڵام خۆ چاری تری نەبوو.
ڕۆژانە تەلەفۆنمان بۆ لێپرسراوەکە دەکرد وەڵامی نەبوو، هەموو ئێوارەیەک گریان وەکو ژەمی دوای نانخواردنمان بوو، ٦ ڕۆژێکی تر تێپەڕین، تەلەفۆنێکم بۆ هات، هاوڕێی سەفەرەکەم بوو، وتی بەیانی زوو دەچمەوە ئەوێ ئەگەر دێیت. دایکم وتی باوکت لەوێ بوایە تەلەفۆنی دەکرد، بەڵام نەکەبا شتێکی لێ بەسەرهاتبێ بڕۆ خەبەرێکمان بۆ بهێنەوە، خواردنیشی بۆ پێچامەوە. دڵەڕاوکێی ئەمجارەم دۆزینەوەی شوێنەکەی نەبوو، بەڵکوو ترسی کوژران و کارەسات بوو. لە ڕاستیشدا ڕۆژی سەفەرەکە ڕۆژی نمرە هاتن بوو، پۆلی شەشی ئامادەیی ئەوەی ناخۆش بوو.

هاوڕێی سەفەرەکەم جلی پێشمەرگەی پۆشیبوو، تفەنگێکیش لە پشتەوە دانرابوو، وتم کەواتە تۆ من دەبەیت و ناگەڕێیتەوە؟. ئینجا کەوتە باسی خۆی. لەگەڵ ڕووداوەکانی دوایدا خۆبەخشانە چووتە ڕیزی پێشمەرگەوە، پارچەی بەرکەوتووە و قاچ و پشتی برینداربووە، دایکی لەبەر شەهیدبوونی باوکی نەیویستووە ئەم بچێتە شەڕەوە، دوو منداڵی هەیە، خۆی پلەی ئەفسەری هەیە، بەڵام بە پیشەیەکی ترەوە خەریکە، ئەمڕۆ لەبەر برینداری پێی ناکرێ تا ٣ مانگێکی تر لە شەڕدا بەردەوام بێ. وتم باشە ئێستا چۆن قسەی دایکتت شکاندوە؟
لە گەرمەی ئەو قسانەدا بووین دایکم تەلەفۆنی کرد، دەنگێکی گڕبوو، وتم دایە دەنگت دەرنایە هیچ بووە، دڵم خورپەیەکی کرد، دەنگێک هات وتی: "هەتیو باوکتم، هاتوومەتەوە ماڵێ، تۆ لە کوێی."
باوکم لە هەواڵەکانەوە بیستبووی کە ئەمڕۆ نمرەی ئێمە بڵاودەکرێتەوە، مۆڵەتی وەرگرتبوو تا لەگەڵمابێ. وتی مادەم کەوتوونەتە ڕێ، بزانە ئەگەر ئەو هاوڕێیەت ئەتبات، بچۆ جانتاکەم بۆ بهێنەوە، چونکە ناچمەوە ئەوێ و لەوێوە نەهاتومەتەوە، خواردنەکانیش بدە بە پێشمەرگەکان، ئاگاتان لە خۆتان بێت، ئەگەرنا گرنگ نیە، گوێی نەدەیتێ."
ئەو ڕۆژە لەگەڵ هاوڕێی سەفەرەکەمدا مامەوە، پاشنیوەڕۆش جانتاکەی باوکمم هەڵگرت، هاوڕێی سەفەرم تفەنگەکەی دایەوە بە تیمەکەیان، وتی وەکو خۆم ناتوانم با کەسێکی تر لە شانی بکا.
لە گەڕانەوەماندا، تەلەفۆنم بۆ کرایەوە، ئەمجارە دایکم بوو، مژدەی نمرەکەمی پێ دام، ٩١م هێنابوو، وتی شوکور مرازم حاسڵ بوو، هەموو پیرۆزباییان لێ کردم، تا نیوسەعات هەر بە تەلەفۆن و پەیام ناردنەوە خەریکبووم. هاوڕێی سەفەرەکەم ١٢ ساڵ لە من گەورەتر بوو، وتی بۆچی ئارەزووت لە خوێندنی کۆلیجی یاسا هەیە؟ تۆ زانستییت بۆ ئەندازیاریی ناخوێنیت؟
زۆرمان باسی ئیش و هەلی کارکردن لە کوردستان کرد، ئارەزوو شتێکە و خواستی بازاڕیش شتێکی تر، دوایی قەناعەتی پێ کردم کە کوردستان پێویستی بە خەڵکی سەربازی شارەزا و زیرەک هەیە، فڕۆکەوان و ڕاوێژکاری سەربازی لە لای ئەو لە یاساناسی گرنگتربوو، بە تایبەتیی کە مافناسی لە ئێوارانیشدا دەخوێنرێت. لە ڕاستیدا هەردووکمان بیرمان چووەوە کە وەرگرتن بە شێوەی ناوەندیی دابەش دەبێت و زۆرجار ئارەزووەکان لەگەڵ بڕیاری بەرنامەی وەزارەتدا جیاوازە، مەگەر خۆویستانە دابەزم بۆ کۆلیژێکی نزم.
دواجار بڕیارم دا لەگەڵیا خۆبەخشانە کار بکەم، ئەو وتی پێشمەرگەیاتی هەر تفەنگ هەڵگرتن و شەڕ نیە، بەڵکو دەتوانین بە هانای ئاوارەکانەوە بچین، خواردن بگوێزینەوە، یا هەر کارێکی تری مرۆیی بۆ ئاوارەکان جێبەجێ بکەین. ئەو لەگەڵ ڕێکخراوێکی خێرخوادا کاری دەکرد، وتی نابێ بوەستین، خەڵک هەیە بۆ سێبەرێک دەناڵێنێت کە هیچ نیە.

گەیشتمەوە ماڵ، باوکم شان و قۆڵی بەسترابوو، ماڵمان پڕ بوو، باوەشم پیا کرد بە گریانەوە، وتی شەڵا لە شەڕدا وام لێ بهاتایە، تومەس لە گەڕانەوەدا سەیارەکەیان خۆیدابوو بە لۆریەکدا و خۆی و برادەرێکی شان و قۆڵیان شکا بوو. بەو شێوەیە باوکم لە بەرەکانی شەڕ دوورکەوتەوە، باسی هاوڕێی سەفەرەکەم بۆ کرد، بە ناونیشان دۆزییەوە کە باوکی کێیە، کەمێک گریا، وتی لە پەنا مندا شەهید بوو. زۆری پێ خۆشبوو کە لەگەڵێدا کار بکەم، ئەو هاوینە لەگەڵ ئەو هاوڕێی سەفەرەمدا ناوچە بە ناوچە دەچووین، لەگەڵ ڕێکخراوی خۆبەخشدا هاوکاریی ئاوارەکانمان دەکرد، دیمەنی پڕ ناسۆرمان دەبینی، دواجار کارەکەم پڕ شانازی بوو. پشووەکەم بۆمن یادەوەرییەکی پڕ لە گریان بوو، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێڕەوی ژیانمی گۆڕی و بڕیارمدا لە بواری ئەندازیاریدا بخوێنم.
 
براکەم وتی کاکە لە زانکۆ پرست لێ دەکەن ئەمساڵ لە پشووی هاویندا چیت کردوە؟. وتم نە پرس ناکەن، بەڵام ئەگەر پرسیان کرد، ئەڵێم کوڕە پێشمەرگەبووم!.
 
 

No comments :