Monday, June 22, 2015

پشووی هاوین لە سەرەگرتندا بووم

ئەو ڕۆژانەی نیوەڕوان بووینانە لە قوتابخانە، باوکم سەرەی نانەواخانەی دادەنا، تاکوو پێشنیوەڕۆ بچم نانی گەرم بهێنمەوە ماڵێ، زۆرکات چوونم بۆ نانەواخانە لەبەر کۆبوونەوەم بوو لەگەڵ هاوڕێکانما، خۆ ئەوانیش وەکو من لە سەرەدا بوون.

نانەواکە لە بنەڕەتەوە وەستای نان کردن نەبوو، پاشنیوەڕۆ چرا، لۆکس، زۆپا و عەلادینی ڕیز دەکرد چاکی دەکردنەوە، لە بەهارەوە عەسران پاسکیڵخانەبوو، کە ڤیدیۆ سیدی داهات، ماوەیەک ئەوەشی تیا ئەفرۆشرا، خۆزگەم ئەخواست نانەواخانە ئێوارانیش هەبوایە، بۆئەوەی بەیانی زوو خەمی نەخۆین.

هێشتا تاقیکردنەوەی سەری ساڵ دەستی پێ نەکردبوو، باوکم داینابوو کە هاوین بچمە بەنزینخانە، لای حەمە سەیارە بشۆم، حەمە ساڵێک بوو وازی لە مەکتەب هێنابوو، ئەیوت چاوت کوێر بکە و موستەقبەلیش بەشت هەر مانگ گرتن و فۆڕم پڕ کردنەوە دەبێت، ناشوکری نەبێ ئیش دەست ناکەوێت.
ئێوارەیەک بە باوکم وت، خۆ سەیارەمان نیە، با گەراجەکە بکەم بە دوکانێک بۆ ئەم هاوینە، پاسکیڵخانە بێ یان تەباخ چاک کردنەوە. سەرێکی ڕاوەشاند وتی بچۆ لای حەمە.

تازە پشوومان دەستی پێکردبوو، دوو ڕۆژبوو لای حەمە سەیارەم ئەشت، وتم حەمە ئەمە وا نابێت، دانە دانە سەیارە بشۆین و خەڵک لەبەردەمماندا بێن و بچن، با لێرە دایبنێن و بە ئیستراحەت هەر یەکەمان و لە لایەوە پاکیان دەکەینەوە، لەوە بەدواوە کارمان باشتربوو، بە تایبەتی پشووی نیوەڕۆی خەڵک سەیارەیان زۆر لا دا ئەناین و خۆڵبارینیش کۆتایی نەبوو.
گاز و بەنزین کەمببوەوە و سەرەی بەنزین دەستی پێکردەوە، کابرایەک کە زوو زوو سەیارەمان بۆ ئەشت، وتی سەرەی بەنزینم بۆبگرن حەقی ئەوەشتان ئەدەمێ، لەوەوە سەرەی بەنزینیشمان بۆ خەڵک دەگرت، لە پێشا تاقی بەیانیان سەیارەم ئەشت و نیوەڕوان سەرەی سەیارە، دوایی ئاڵوگۆڕمان کرد و هەر ڕۆژەی یەکێکمان بەیانیان بوو. بەزمی بەنزین و سەرەگرتنی خۆش نەبوو، هەموو ڕۆژێک دەنگەدەنگ و شەڕی لێ دەکەوتەوە.

ڕۆژێک مامۆستا نەژادی دراوسێمان سەیارەکەی دانا بۆ شتن، وتی تەباخێکی نەوتیش لە سندوقەکەیە بەڵکو بۆم ببەیت بۆ چاککردنەوە لەو دوکانەی ئەوبەرتان، ئیتر ئەم ئیشەی ئێمە بەهۆی ناسین و مەرحەباییەوە خاتر و قاچ و قوچی تری زۆر تێ دەکەوت، جاری وابوو سەرەی نان و سەرەی بتڵەغازیشمان بۆ دراوسێکان دەگرت. ناشوکریش نەبێ، لە هاوینا ئەم شارە قەت کارەبای باش نەبووە، لەبەرئەوە زاراوەکانی پڵیتە، چرا، فانۆس و مۆلیدە بنێشتەخۆشەی سەر دەممان بوون. لەبەردەم دوکانی تەباخ چاککردنەکە یەک دنیا چرا و تەباخ تێکەڵ و پێکەڵ کەوتبوون، بە وەستاکەم وت کامە سەرەیە؟، وتی: "سەرە نیە، داینێ و بەیانی وەرەوە"، وتم:"ئاخر ئەمڕۆ چێشتی پێ لێ دەنێن، بەڵکو یارمەتیمان بدەی"، خەمساردانە وتی "ناتوانم، هەموو پەلەیەتی..."

دوو مانگی پشوومان بەڕێ کرد، حەوت ڕۆژ لە هەفتەیەکدا چالاک بووم، بەیانیەک دەستم لە سەیارە شتن هەڵگرت، چووم بۆ قوماش کرین و لای بەرگدروو، دەستێک جلی کوردی نوێ بدەم بە دوررین. لەوێ بەرگدرووەکە حەپەساندمی، وتی یەک مانگی تر وەرەوە، سەرەت زۆر لە پێشەوەیە. لە گەڕانەوەمدا بۆ ماڵەوە، لە ویستگەی پاسەکان کاک عبداللەی دراوسێمانم بینی، سڵاوم لێکرد، ئەویش پاش وەڵامدانەوە سەرێکی بەرزکردەوە و وتی "سەرەی ئەو پاسەیە"، وتم: "ئەی تۆ سەرناکەویت؟"، وتی:"نەوەڵا، بەڵکو سەرەی دوای ئەم پاسێکی باشتر بێ، ئەوە ئەڵێی مەنجەڵی بوخارە ناوەکەی ئەوەندە گەرمە".
دیقەتم داوە، لەم شارە هەموو شتێک سەرەی لەسەر گیراوە، لە لایەکەوە ئەموت شتێکی باشە، هیچ نەبێ ڕێکخراوە و کەس دەمەقاڵێ ناکا، و لە لایەکی ترەوە وەستان لەسەرەی شەربەتی مێوژدا بەم ڕەمەزانە ناخۆش بوو. جاران فڵان مەسئول و فیسار خزم هەبوون کە پێش دەخران، ئێستا هەموو مەسئول و خزمی یەکترین، لە زۆر شوێنیش بۆ خاترگرتنیش تەماشای گیرفان دەکرێت.
حەمە گێڕایەوە کە هەفتەی پێشوو لە تەعەزێیەک، بیست دەقە لە مزگەوت سەرەی گرتوە تا ژووری تەعەزێکە کەمێک چۆڵ بووە، ئینجا توانیویەتی فاتیحە دابات. تاکو نەیەیتە ناو بازاڕ زۆر شت هەیە درکی پێ ناکەیت، حەمە ماستی بۆ دەهات، منیش وتم ئەمەوێت، کردمان بەسەرە، چونکە کابرای ماستفرۆش ئەم ڕیزە دوکانەی ئێمەی لەسەرەدا دانابوو، دوو هەفتە جارێک سەرەماستمان بوو.
بەرەو کۆتایی پشووی هاوین چووین، ئالانی برام ڕەسمێکی هێنا وتی کاکە جوانە، بە خەمڵاندنی خۆی، ویستگەی قیتارەکەی سلێمانیە، وتم سکەکەت لەسەرەی نان ئەچێ، ئەگینا ئەوانی تر زۆر جوانن. وتی: "کاکە قیتاریش سەرەی هەیە ئەگینا دەعم دەکەن"، وتم: "وەڵا ئەگەر ئەو قیتارەی سلێمانی پێ بگا، سەرەی سەرکەوتنی ڕۆژە ڕێیەک دەبێ، ئینجا سەرەی بلیت و سەرەی میزکردنی ناو ئاودەستەکەیشی هەر باس مەکە". وتی: "ئەی کاکە تۆ هیچ ناکەی بۆ مەکتەب؟"، وتم: "نە، مامۆستا خۆی ئەزانێت کە پشووی هاوین لەسەرەدا بووم".

No comments :