Saturday, August 22, 2015

بەڕێوەبەریی قەیران لە هەرێمی کوردستان - بەشی یەکەم

Crises Management in KRG - Designed by Sarkhell Abdullah
بەڕێوەبەریی قەیران لە هەرێمی کوردستان
Crises Management in KRG
23.August 2014
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە بریتیە لە باس کردنی پێکهێنانی دامەزراوەیەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان. لە دوای دەرچوونی بڕیارەکانی کۆبوونەوەی حکوومەت لە ١٧/٨/٢٠١٤دا، کە باس لە پێشنیاری جێگری سەرۆکی حکوومەت دەکات بۆ (دامه‌زراندنى ده‌زگایه‌كى تایبه‌ت بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌م كه‌یسه‌ له‌ناكاوانه‌ى دێنه‌ پێشه‌وه‌) [[1]]، ئەم نووسراوەم ئامادە کرد، ڕەشنووسێکە لە شێوەی پێشنیاردا و ئەکرێت باشتر بکرێت، بەو هیوایەی بایەخی هەبێت.
زاراوەی (بەڕێوەبەریی قەیران Crisis management) بە؛
" کۆمه‌ڵێک ته‌گبیر و بڕیاری پێشوه‌خته‌ بۆ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی قه‌یران، به‌ مه‌به‌ستی هێواش کردنه‌وه‌ی ڕه‌وتی قه‌یران، کۆنتڕۆڵی قه‌یران و که‌م کردنه‌وه‌ و هه‌ڵگرتنی قه‌یران. یه‌کێک له‌ بیرۆکه‌ به‌ناوبانگه‌کانی به‌ڕێوه‌به‌ری قه‌یران، بیرۆکه‌ی هاوسه‌نگییه‌. بیرۆکه‌ی هاوسه‌نگی له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری قه‌یران: هه‌ر کات هاوسه‌نگی نێوان پێداویستی و لێهاته‌کانی سیسته‌مێکی زیندوو که‌ له‌ سه‌ر بنه‌ما و یاساگه‌لی دیاریکراو دانراوه‌، به‌ هه‌ر هۆیه‌ک بشێوێت، قه‌یران به‌دی دێت."[[2]]

پێشەکی

لە ٩ی حوزەیرانی ٢٠١٤ دا، کتوپڕ، گرووپی چەکدارانی (دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام – کورتکراوە: داعش) لە هێرشێکدا شاری موسڵ دەگرن، لەگەڵ ڕمانی ورەی سەربازانی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان، بێ تەقە و بەرەنگاربوونەوە پاشەکشە دەکەن و هەردوو شاری (سەڵاحەدین، تکریت) و بەشێک لە شاری کەرکووک دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی داعشەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ پاراستنی کوردان و دانیشتوانی ناوچەکە کوردستانیەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانەدا جێگیر دەکات و بەرەنگاری داعش دەبنەوە.
لەمەوە، لە کاتێکی پێوانەیی بێهاوتادا، هەرێمی کوردستان دراوسێیەکی نەخوازراوی بە درێژایی زۆرتر لە ١٠٠٠کیلۆمەتر بۆ دروست دەبێت، دراوسێیەک کە لەو دەمەدا نیەت، توانای سەربازی و بەڕێوەبردنیان نەناسراو و چاوەڕواننەکراو بووە.
وەستانی پاڵاوتگەی بێجی، نەمانی ڕێی هاتوچۆی وشکانیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی بەغدا و، بەهۆی پەستانی ناوچە نوێیەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت و دابینکردنی سەرچاوە بۆ هێزی پێشمەرگە، حکوومەتی هەرێم دووچاری قەیرانی سووتەمەنی دەبێتەوە. هاوکات وەستانی ناردنی مووچەی فەرمانبەران لە لایەن حکوومەتی ناوەندیی (خودی سەرۆک وەزیران - مالیکی)ەوە لە لایەک و پەسەند نەکردنی بودجەی ساڵی ٢٠١٤ی عێراق، گرفتی داراییش سەری هەڵدا.
قەیرانی گەورەتر لەوانە، ئاوارەبوونی هەزاران خێزانی مەسیحی و ناوچەکانی مووسڵ بوو بەرەو کوردستان، کە لە یەکەم ڕۆژی کەوتنی موسڵ و ناوچەکانی تری کەرکووکەوە سەریان هەڵدا. لە پای هێرشی داعشەوە بۆ سەر شەنگال و مەخموور و بەنداوی موسڵ کارەساتی تر سەری هەڵدا، کە زۆرتر لە نیوملیۆن خەڵکی تر ئاوارەبوون و ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد، دەیان هەزار خێزان لە برسێتیی و تونێتیدا چەندین ڕۆژ لە چیاکان قەتیس مان. ئەم قەیرانە مرۆییە هێندە گەورەبوو، کە وڵاتانی وەکوو ئیتاڵیا، فەڕەنسا، ئەمەریکا، و ئەڵمانیاش خێرا پشتیوانیی مرۆییان گەیاندە هەرێم، ئەمەریکا و فەڕەنسا پشتیوانی سەربازیشیان ڕاگەیاند دژ بە داعش. چۆڵکردنی ناوچەی جەلەولا و خاڵە سنووریەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزی پێشمەرگە، گوژمێکی تری ئاوەرەبوونی دروست کرد.
لەو کارەساتانەوە پێکهێنانی دەزگایەک وەکوو (بەڕێوەبەریی قەیران) بە پێویست دەزانرێت، کە وەکو دەزگایەکی سەربەخۆ پشتبەست بە دەزگاکانی تری حکوومەت، هاوشانی کاری ڕۆژانەی خۆیان، ڕاژەی تریش پێشکەش بکەن و بتوانن بازوویەکی بەهێزی خۆڕاگری و پۆڵایین بن بەرانبەر دوژمنانی هەرێمی کوردستان.

قەیرانەکان و ئەرکەکان

هەموو قەیرانێک دەشێت بە تەنیا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و سەرچاوەی ڕاژەکانی بۆ فەراهەم ببێت، چارەکردنی هەموو قەیرانەکانیش پێکەوە ئەگەرن بۆ دروستی ڕەوتی بەهاناچوونیان و بنەبڕکردنیان بۆ ماوەی درێژ. قەیرانەکانی ئەمڕۆی کوردستان لەم خاڵانەدا دەبینرێنەوە:
١. قەیرانی سووتەمەنی
٢. قەیرانی ئاوارەکان، بە گشتی دابینکردنی:-
Ø      شوێنی حەوانەوە و خەوتن.
Ø      خواردن و خواردنەوەی بەردەوام.
Ø      دەرمان و کەلوپەلی پزیشکی بۆ نەخۆش و بریندارەکان.
Ø      تیمی ڕاهێنانی دەروونی بۆ خێزانەکانی کە ئەندامیان لە دەستداوە و کەلەلابوون.
Ø      بەهاناچوونی ئەو ژنانەی کە دەستدرێژیان کراوەتە سەر.
Ø      شوێنی یاری و هەڵسووڕان بۆ منداڵان و دروستکردنی کەشێکی شیاو بۆ پشووی دەروونیان
Ø      خستنەوە سەر باری خوێندن و بەردەوامیی قوتابیان و خوێندکاران لە خوێندن
Ø      دەستەبەرکردنی پێداویستی کەمئەندامان.
 
٣. قەیرانی پاراستنی هاووڵاتیان و بەردەوامیی ژیانی ئاسایی هاووڵاتیانی هەرێم.
٤. قەیرانی یەکنەبوونی وتاری بوارەکانی ڕاگەیاندن و پەخشکردن
٥. قەیرانی کەموکورتی لە ڕاژەکردنی هێزەکانی پێشمەرگە؛ کەمی لە دەرمان، خواردن، پاڵپشتی، ...هتد
٦. قەیرانی مووچەی هاووڵاتیانی هەرێم، کە بە قەیرانی دارایی دادەنرێت.
 پێشتر قەیرانی لافاو، وشکەساڵی و سەرهەڵدانی نەخۆشی کوشندە ڕووی کردوەتە هەرێمی کوردستان، بە ئەندازەی قەیرانەکان هەنگاونراوە و دارایی و سەرچاوەی مرۆیی بۆ تەرخانکراوە، هەندێک قەیران سروشتین و کتوپڕ دروست دەبن، هەربۆیە بڕیاری دەستبەجێ و کاردانەوەی خێرای پێویستە، هەندێک قەیرانیش هۆکاری تر دروستیان دەکات، وەکو وەستانی بەشە مووچەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغدادەوە، بە گشتیی بوونی دەزگایەکی سەربەخۆ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکاندا جێی خۆیەتی.
ئەمڕۆ ئەرکی گرانی حکوومەت لە مامەڵەی ئاوارەکان و هێزی پێشمەرگەدا زۆرتر دەبینرێت. چونکە زۆرتر لە ملیۆنێک کەس ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردوە، ئاسایش و هەموو پێداویستییەکی ژیانیان دەوێت، هێزی پێشمەرگە هەزارکیلۆمەتری تەنیوە و دژ بە داعش و بەردەوام دەجەنگێت، کە ئەمانیش هەموو پێداویستی و کەرەستەیەکیان پێویستە تا بتوانن بەرەو ڕووی دوژمن ببنەوە. هاوکاریی ناخۆیی و هەماهەنگی حکوومەتی ناوەندی، هاوکاریی وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی تریش پێکەوە چەترێکی دەوێت هەموویان کۆ بکاتەوە و سازدانێک دروست بکا لە نێوانیاندا بۆ ئەوەی هەنگاوەکان یەکتر تەواو بکەن و فریاگوزاری بەشێوەیەکی دروست بە هەموو لایەک بگات.

دروستبوونی قەیران

سەرهەڵدانی قەیران لە وڵاتدا زۆر هۆکاری هەیە، ئەوانەی سەرەوە ناونران لە کوردستاندا هەندێکی نوێیە و کتوپڕە، ئەوانە ئاشکران هۆکارەکانی چین، کە خۆشبەختانە هەندێکیان کاردانەوەی دەستبەجێیان لەگەڵدا کراوە. بە گشتیی هەموو قەیرانێک:
کاتێکی سەرهەڵدانی هەیە
هۆکارێکی لە پشتە
ماوەیەک دەخایەنێت
مێژوویەک جێ دەهێڵێت
 
 


[1]  بڕوانە (حكوومه‌ت چه‌ند بریارێك له‌سه‌ر ڕه‌وشى هه‌نووكه‌ییى كوردستان ده‌دات) –  ١٧/٨/٢٠١٤ بڵاوکراوەتەوە - (http://www.krg.org/a/d.aspx?s=040000&l=13&a=52041)
[2]  بڕوانە ویکیپێدیا – کوردی (بەڕێوەبەریی قەیران) – (ckb.wikipedia.org)