Wednesday, September 09, 2015

بەڕێوەبەریی قەیران لە هەرێمی کوردستان - بەشی سێیەم

بەرەوڕووبوونەوەی قەیران

گوندێکی وێران لە عێراق
زۆرگرنگە کە هەنگاوی ڕاست بنرێت لە کاردانەوەی ڕووداوەکاندا. وەکو بنچینە:
- ڕاست پێش خێراکردن
- خێراکردن پێش تەواوکردن





واتە خێرایی گرنگە، بەڵام هەر کارێک دەکرێت دەبێت دروست بێ، خێرا بکەین لەوەی بیر لەوە بکەینەوە تەواوی پێداویستیەکان دەستەبەر بکەین. با جارێ ئاو فریای ئاوارەکان بخەین ئەوسا ناوچەکەیان ڕزگار بکەین.

ڕووبەڕووبوونەوە دەبێت لەسەر سیستەمێکی شیاو ڕەوت بگرێت. ستراتیژیەک هەبێت، پلە بە پلە پێشڕەوی بکرێت لە چارەسەرکردندا. بۆ وێنە شیکاری (Swiss Re) لەم هێڵکارییەی خوارەوەدا دەردەکەوێت کە زنجیرەی هەنگاوەکان بەم شێوەیەیە؛
-  ناساندن
- شیکردنەوە
- دانانی پێشەنگی
- پەرەپێدانی ستراتیژیەک
- جێبەجێکردن و پیادەکردنی ستراتیژیەکە
- هەڵسەنگاندن

هێڵکاریی هەنگاوەکانی ڕووبەڕووبوونەوە

سەرچاوە: (Swiss Re)

(ڕەوت process) یەکەیەک لە چارەسەرکردن بە تەواوەتی و، لە کاتێکی دیاریکراو و بە هەنگاوێک یان چەند هەنگاوێک دادەنرێت، بە گوێرەی پێوانەیی (DIN EN ISO 9000:2000) ڕەوت کاریگەریە لە گۆڕینکاری ئاستێک بۆ ئاستێکی تر، بەو شێوەیە هەر هەنگاوێک لە ڕەەبەڕووبوونەوەی قەیران ئەو دوو پێناسە دەگرێتەوە. ئەنجامدانی هەنگاوێک چارەکردنی بەشێکی قەیرانەکەیە، هاوکات دیاریی دەکات کە هەنگاوی دوای خۆی چیە[0].

زۆر لە وڵاتان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان لیستەیەک پرسیاریان بۆ پشکنینی دۆخ و هەڵسەنگاندنی قەیرانەکە داناوە[1]، بە دانانی وەڵامی تەواوەتی بۆ ئەو پرسانە، دەتوانرێت بڕیاری دەستبەجێ لە ڕەوتی چارەسەرکردن بدرێت. ئەمەی خوارەوەش نموونەیەکە بۆ بەڕێوەبریی قەیران بەتایبەتی:

بێگومان ڕێبەری پرسیارەکان بە گوێرەی جۆری ڕووداوەکان و قەیرانەکان ئامادە دەکرێن و دەنووسرێنەوە، بەڕێوەبەریی قەیران لەسەر بنەما و تایبەتمەندییەکانی ناوچەکان پرسیارەکان بۆ پشکنین دەهۆنێتەوە، نەک بە تەنیا بۆ بەڕێوەبردنی کارەکان، بەڵکو بۆ هەموو ماددە لکاوەکانی تر، وەکوو سەرچاوەی مرۆیی، ئاکارەکانی قەیرانەکە خۆی و هیتر. پێوانەیی نێودەوڵەتی و شارەزایی وڵاتانیش لەم ڕووەوە کارایەکی یاریدەدەرن، ئەکرێت سوودیان لێ ببینرێت.
زانیارییەکان

وەکو لە سەرەوە باس کرا، بۆ ڕووبەڕووبوونەوە دەبێت تەواوی ڕاستیەکان بزانین، کەواتە هەنگاوەکان لەگەڵ ڕاگەیاندندا؛

١. کۆکردنەوەی زانیاریی ڕووداوەکان.
٢. سەرچاوەی ڕاست هەڵبژێرین، نابێت بە هیچ شێوەیەک دوای مقۆمقۆ و پڕوپاگەندە بکەوین.
٣. دۆزینەوەی پەیوەندیدار و هاوکاران:

- شارەزایانی دەرەکی لە:

o بەڕێوەبەرایەتییەکانی حکوومەتەوە
o شارەزایانی بوارەکە
o لیژنەکانی لێکۆڵینەوە
o نەخشەگێڕەکان
٤. پاراستنی زانیاریی تایبەتی.
٥. هەڵسەنگاندنی زانیارییەکان و ئاشکراکردنی ئەوانی پێویستن.
٦. هەڵسوکەوت کردن بە هێمنی و بابەتیانە لەگەڵ هەموو جۆرە زانیارییەکاندا.
---------------------------
[0]  کتێبی (Prozessmanagement – Anleitung zur Steigerung der Wertschöpfung)، نووسینی (T. Füermann, C. Dammasch)، چاپی ٢٠٠٢
[1]  لەوانە: (American Water Works Association 2001, British Standard 2006, Federal Emergency Management Agency 2003, Bundesamt für Bevölkerungsschutz und Katastrophenhilfe 2007)و هیتر


بەشی یەکەم
بەشی دووەم
بەشی سێیەم
بەشی چوارەم
بەشی پێنجەم


No comments :