Thursday, September 10, 2015

بەڕێوەبەریی قەیران لە هەرێمی کوردستان - بەشی چوارەم

میدیا و ڕاگەیاندنەکان
 

هێڵکاریی سەرخێڵ عەبدوڵا
هاوکاریی میدیاکاران و دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیراندا، بە خاڵێکی گرنگ ئەژمار دەکرێت. دەموو هەواڵێکی ناڕاست بۆی هەیە قەیرانی دەروونی و پەستانی چاوەڕواننەکراو دروست بکا.
لەبەرئەوە هاوکارانی بەڕێوەبەری قەیران دەبێت بە ئاگاوە لێدوانەکانیان بدەن، هەماهەنگی کەناڵەکانیش لەم ڕووەوە دەبێت ڕوون بێت، کاتێک وەڵامی ڕۆژنامەنووسێک نادرێتەوە بە تەواوەتی دەبێت هۆکارەکەی بزانێت، بۆ ئەوەی متمانە لە دەست نەدرێت و لەبری ڕاستی درۆ پەخش نەبێت.

زۆر ئاساییە بوترێت "ئێستا کاتی وەڵامدانەوەی ئەو جۆرە پرسانە نیە"، لەوەی کە وەڵامی کتوپڕ و هەڵە بدرێت. چونکە ئاکامی دەربڕین و لێدوانی هەڵە بە ڕاستکردنەوە ئەدرێتەوە کە هەندێکجار بەدرۆخستنەوەی یەکتر، یان وەڵامی دژوار دروست بێ، ئەمەش هەلێکە دوژمن دەیقۆزێتەوە بۆ دروستکردنی دڵەڕاوکێ.
 
زۆر لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لە قەیرانی جەنگدا دەکەونە هەڵەوە، دەبینیت چەند هەواڵێکی پەلە پەخش دەکات، کە دوایی بە هەواڵێکی تر ئەوەی پێش خۆی تێک ئەدات، بۆ نموونە بینیمان پێشمەرگە پێشڕەوی کرد و گوندێکی گرت، پاشتر بەهۆیەک پاشەکشە کرا، ئەمە جەنگە و مانای تێکشکانی پێشمەرگە ناگەیەنێت، کە چەندینجار ئەم حاڵەتە دروست بوو لەم ماوەیەدا.
لە کوردستان بەهۆی بوونی کەناڵی پارتە سیاسییەکان و کەناڵی تایبەتیی ترەوە، دەبینین یەکخستنی پەیڤی لێدوانەکان ئاڵۆزە، ئەمیان شتێک دەنووسێت ئەویان پێچەوانەی، یان جۆرێکی تر، ئەرکی بەڕێوەبەرایەتی قەیران سازدانی هەلومەرجی یەکدەنگی کەناڵەکانە. کە هەموو کوردستانمان خۆش بوێت و بمانەوێت ڕاستی پەخش بکەین، بۆ پێچەوانەی یەکتر بین؟.
 
هەواڵی خۆش و ناخۆش ناشاردرێتەوە، بەڵام دەکرێت دەربڕینەکان بەشێوەیەک بن هێمنی بپارێزن، لە جەنگدا قسەکەری سەربازی ڕۆڵی گرنگ دەبینێت، گرتەیەکی ڤیدیۆیی بۆی هەیە کارەساتێک دروست بکا،  بەتایبەتی ئەمڕۆ کە هەریەکە و ئامێرێکی زیرەکی لە بن باخەڵدایە و دەتوانێت بە چەند چرکەیەک وێنای ڕووداوەکان بە هەموو دونیا بگەیەنێت.
 
بڕیارەکانی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکایەتی هەرێم و حکوومەتی هەرێم لە مەڕ چۆنەتیی هەڵسوکەوتی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بایەخی تەواوی هەیە و پێویستە بەردەوام خەجتی لەسەر بکرێتەوە بۆ ئەوەی تۆوی دووبەرەکیی نەمێنێت.
 
 
بایەخی تەکنۆلۆجیا
لەم قەیرانانەشدا بایەخی تەکنۆلۆجیا سەلمێنرا، ئاسانکاریی تەکنیک دەتوانێت هاوکار بێت لە هەموو قۆناغەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکاندا. ئامار و دابەشکردنی خەڵک بەسەر ناوچە و کۆمەڵگاکاندا بە هەوانتە نابێ، نەخشەی تۆکمە و شیکاریی درێژخایەن بێ ڕایەڵەی تەکنیک مەحاڵە. بەتایبەتی لە قەیرانێکدا چەندین کەس و چەندین دامەزراوە دەبێت هاوکاریی بکات.
سوود وەرگرتن لە کۆمەکی دەرەکی و بەستنەوەی بەردەوام لەگەڵ ئاژانسەکاندا، تەکنۆلۆجیا فەراهەمی کردووە. هاوکات ڕێوشوێنی پاراستنی زانیارییەکان و گەیاندن سانا کراوە، تۆڕەکۆمەڵایەتیی و ویستگەکانی تری گەیاندن نابێت فەرامۆش بکرێن، بەتایبەتیی لە ڕووی پاراستنەوە.
 

هاوکاریی دانیشتوان
 
ئەمڕۆ باری نائاسایی هەیە لە پارێزگای دهۆک، هەربۆیە بەشداری هەر هاووڵاتیەک لە بوارێکدا بایەخی خۆی دەبێت، قوتابیان، خوێندکاران و سەندیکاکانی تر لەم ڕووەوە دەتوانن هونەر بنوێنن و ئەرکێک لەسەر پۆلیس و کارمەندانی ئاسایش یان ڕێکخراوە خۆبەخشەکان کەم بکەنەوە. لە ئەڵمانیا ساڵی ٢٠١٣ لافاو چەندین شاری ژێرئاو کرد، دەیان خوێندکار خۆبەخشانە لە شارەکانی ترەوە هەشتی هاوکاریان ڕێکخست، ئێمەی کوردیش لە ڕەسەنەوە ئارەزووی خۆبەخشی و هاریکاریمان تێدایە، ئەمڕۆ زۆر گرنگە هیچ کەلێنێک نەهێڵینەوە و دەستەوسان نەبین، هەموو کارێک پێویستە، تەنیا کۆکردنەوەی خواردن و خواردنەوە بەس نیە بۆ ئەوانەی کە هەم کەسیان لە دەستداوە و هەمیش دەربەدەربوون، ئەوانە حەوانەوەی دەروونیان دەوێت، بەڕێوەبردنیان دەوێ، خەڵکیان دەوێت یاری لەگەڵ منداڵەکانیان بکا.
 
ڕێکخستنی ئەم کارانەش بێ توێژینەوە ناکرێت، بێ ڕاهێنان و بێ شارەزایی نابێت، پێویستە تیمی تایبەتی مەشق پێ بکرێن و ئامادە بکرێن بۆ ئەو مەبەستانە.
-------------------------------------------
* ئەم بابەتە زنجیرەیە لە ئابی ٢٠١٤ نووسراوە

No comments :