Tuesday, February 09, 2016

لە پەندەکانی پیرەمێرد


٢٩ی تەمموزی ١٩٤٨
حاجی تۆفیق ناسراو بە پیرەمێردی شاعیر
 و کوردپەروەر



چاکەو خراپەیش ئەندازەی هەیە
کەم کەس ئەزانێ حەدی تا کەیە

ئەندازەی چاکەیش کە هات تێ پەڕی
نابەکارت بێ ئەیــداتـە بـــــەری

بەخۆوە نەدیو، سورمەی لەبەرکەی
ئەبێ زۆر پیاوی کاردیدە دەرکەی

ئەسپی عەرەبیت دا بە کۆڵی سوار
سەرکێشی ئەکا و بۆی نایەتە بار

هەرچیش هاتە پێش تێوە ئەگلێ
دیارە کە دوایی خۆیشی ئەگلێ

کاربەدەست لەسەر تەجروبە ئەڕوا
گۆشت بۆ قەساب و نان بۆ نانەوا

جاران منداڵمان ئەناردە حوجرە
فەلاقە ئەکــرا بە داری گــزرە

بە مامۆستیان ئەوت وەکو دوژمن
گۆشتی بۆتۆبێ و ئێسقانی بۆ من

بەڵام کاتێ کــێرد گەییە ئێسقانی
جەرگمان ئەسوتاو دەرمان ئەهانی

باوک بۆ ئەولاد هیچ چاری نیە
ئازاری هەیە و بێـزاری نـیــە

کاری تەربیە ئەنـدازەی ئەوێ
لە حەد تـرازا پـەکـی ئەکەوێ

-----------------------
* لە  ڕۆژنامەی ژین ژمارە ٩٢٨ لە ٢٩ی تەمموزی ١٩٤٨ دا بڵاوکراوەتەوە.

No comments :