Tuesday, July 05, 2016

گەلی عێراق


وێنەکە وەرگیراوە، جەژنە پیرۆزەیە
بە بۆنەی کۆتایی مانگی ڕەمەزانەوە
 
دەگێڕنەوە عبدالسلام عارف، لە بەردەم جمال عبدالناصر دەبێ، لە قاهیرە، ئەویش پرسیاری لێ دەکات:
جەمال: قەبارەی شیوعییەکان چەندە لە عێراقدا؟
عەبدولسەلام: هەشت ملیۆن شیوعی

جەمال:  ئەی ژمارەی نەتەوەییەکان چەندە دەبێ؟
عەبدولسەلام: هەشت ملیۆن نەتەوەیی
جەمال: ئەی ئیسلامییەکان؟
عەبدولسەلام: هەشت ملیۆن ئیسلامیمان هەیە
جمال عبدالناصر مۆن دەبێتەوە و قەڵەم فڕی ئەدات، ئەڵێ: "ئەوە چیە سەرۆک؟ ئەی بۆ عێراقییەکان هەموویان ژمارەیان چەندە؟"
عەبدولسەلام: جەنابی سەرۆک، عێراقییەکان هەموویان هەشت ملیۆن کەسن، بەڵام عێراقی ئەگەر بتەوێت شیوعی بن، ئەوا شیوعین، بتەوێت نەتەوەیی بن، ئەبنە نەتەوەیی، بتەوێت کۆنەپەرست بن، ئەبن و ئەگەریش بتەوێ ببنە ئیسلامی ئەوا دەبنە ئیسلامی. عێراقی هەموو شتێکە؛ زانای ئایینیە، عەسکەرییە، سیاسییە، ئابووریناسە، عەلمانییە، بێباوەڕە ... هەموو شتێک تێ دەگەن!.


سەر لێشێوانی ئەم گەلە، لەو تێکەڵ و پێکەڵییەیەوە هاتووە، بە حسابی سیاسی و باڵوێزەکان گەلێکی یەکگرتووبووین کە لە ناوەوە هەرگیز وا نەبووە، پێمان وتراوە ئامانجێکمان هەبووە، کە دەیبینین ئێستا لەم ئازادیی و بەڕاڵاییەدا، هەریەکەو لە ئاوازێک دەخوێنێ و لە ئاشێک دەکووتێ.
خوا فرسەتمان با، لە جەنگەوە بۆ جەنگ. لە سنوورێکەوە بۆ سنوورێک، پیشەی ٤٠ ساڵی ڕابردوو وێران کردن و بنیاتنانەوە بووە. پێش ئەوەیش شۆڕش لە دوای شۆڕش بۆ ئازادی و بەدەست هێنانی کەمترین مافی پێکەوەژیان و ئاسوودەیی.. تا دەگەڕێیتەوە سەر کاتی پێکەوەلکانی ئەم وڵاتە و دروستبوونی.
کۆمەڵێک ڕێسا و یاسا ئەم گەلەی کۆکردەوە کە ئێستا لە سەرەوە بۆ خوارەوە هیچی نەماوە، ئەوەی ماوە و پێی دەڵێن یاسا کاری پێ ناکرێ. دەستوورێک کە زۆرینە دەنگی لەسەرداوە، ئێستا کەس لێی رازی نیە، کورد دەڵێ هەموو مافەکانمی تیا نیە، عەرەب بەشی شیعە ناڕازین بە دەسەڵاتەکان، عەرەب بەشی سوننە دژی فرۆشی نەوت و هەرێمکردنن، و ئەوانی تریش خۆیان بە غەدر لێکراو دەزانن. ئیتر بۆ پێشەوە بەرەو عێراقێکی یەکنەگرتوو و بەزۆر پێکەوە لکاو.