Wednesday, August 24, 2016

لینوکس بوو بە ٢٥ ساڵ

هەر سیستەمێکی کارگێڕی بگریت، مێژوویەکی سەرنج ڕاکێشی لە پشتەوەیە، ٢٥ی ئەم مانگە سیستەمی لینوکس بوو بە ٢٥ ساڵ.
لە یەکەم ڕۆژەوە کە (لینوس تۆرڤاڵدس Linus Torvalds) پەیامە بەناوبانگەکەی بڵاوکردەوە، تاکوو یارمەتی بدەن لە پرۆژەکەیدا، ئەویش پرۆژەیەک بوو بۆ داڕشتنی سیستەمێکی کارپێکردنی نوێ بۆ کۆمپیوتەر، سەنگێکی نوێ بۆ تەرازووی سیستەمەکان دروست بوو.

ئەم سیستەمە سەرەتا لە ١٩٩١ دا لەسەر تەنیا جۆرێک کۆمپیوتەر کاری دەکرد، دواتر لەبەر پێویستی لینوکس بە شارەزایی لە بەکارهێنان و مامەڵەکردن لەگەڵیدا، زۆرکەس پێیان وابوو کە سیستەمێکی سنووردار دەبێت بۆ بواری تایبەتی. ئەمڕۆ دوای ٢٥ ساڵ لینوکس لە هەموو ئامێرێکدا ڕۆڵی خۆی وەکو سیستەمێکی کارگێڕی جێگیر دەگێڕێت، کە لەیەکەم ڕۆژی دروستبوونیەوە پێی ناسراوبووە، بە بەراورد لەگەڵ ویندۆزی مایکرۆسۆفت.

 لینوکس لە تەلەفیزیۆن، فڕۆکەخانە، فێنککەرەوەی ماڵ، زۆرینەی ڕاژەکەرەکانی وێب و کاژێری دەستی و تەلەفۆن و کامیرا و هیتر دا هەیە، بووتە سیستەمێک مرۆڤایەتی ئەمڕۆ بێ ئەو زۆر لە کارەکانی دەوەستێت. سیستەمێک شیاو بۆ هەموو ئامێرێک.
سوپاس بۆ کراوەیی کۆدەکانی، توانراوە چەندین جۆری لێ دروست بکرێت کە لە بوارەکانی پەروەردەیی و فێرکردن و چاودێری پاراستنیشدا جێی خۆی بگرێت.


گرتەیەک، تیایدا لینوس تۆرڤاڵدا باسی یەکەم بەرنامەی نووسراوی خۆی دەکات.
ئەو لەوەوە دەستی پێ کرد، تۆش دوودڵ مەبە و دەستی بدەرێ




لە ساڵی ٢٠٠٥ دا  لینوکس  چووە Git لەوساوە زۆرتر لە ١٣،٥٠٠ پەرەپێدەر و بەرنامەداڕێژی ١٣٠٠ کۆمپانیا لە ناووکی لینوکسدا دەست ڕەنگینی خۆیان نواندوە. هەرە مەزنترین کۆمپانیاکانی بواری تەکنۆلیای زانیاری (وەک Intel, Red Hat, Linaro, Samsung, SUSE, IBM, Renesas, Google, AMD) پشتیوانی ماڵی دەکەن [1]. تەنانەت مایکرۆسۆفتیش ناڕاستەخۆ بووەتە پشتیوانی پرۆژەکە و چەندین ئامراز و بەرنامەی کردووەتە سەرچاوەکراوە و بۆ لینوکس خراوەتە گەڕ [2]. ئەمڕۆ سیستەمی لینوکس یەکەم بژاردەی گووگل، فەیسبووک و ئەمازۆنە. کە ڕۆژانە بە ملیار سەردانکەر داخوازی بۆیان دەنێرن.

وەشانی (3.18)ی ناووکی لینوکس کە ساڵی ٢٠١٥ بڵاوکرایەوە، ١٨ ملیۆن دێر سەرچاوەی کۆدەکەی بوو، کە لینوس تۆرڤالدس دەستپێکی نووسی (بڕوانە گرتەی سەرەوە)، لە هەفتەیەکدا لە کۆبەندی ئەو ژمارە داڕێژەرانەوە ١٣٠٠ گۆڕینکاری پشکنینی بۆ کراوە و پشتڕاستکراوەتەوە. وەکو هەموو سیستەمەکانی تریش زمانی C بنچینەی سیستەمەکەیە.

دەکرێت زۆر لەسەر لینوکس بنووسرێت و بوترێت، بەڵام هێندە بەسە کە بڵێم لینوکس وەکو دیوەکەی تری سیستەمی کارپێکردنە، چۆن تەڕ بێ وشک نابێ، ڕووناکی بێ تاریکی.. بەو شێوەیەش لینوکس وەکو سیستەمێکی کارگێڕی بۆ ئەمڕۆی گەشەسەندنی تەکنۆلۆجیا تەواوکەرە.

بڕوانە ماڵپەڕی (قەزوان) بۆ زۆرتر لەسەر سەرچاوەکراوە و بایەخەکانی لینوکس.


------------------------------
[2] نموونە (PowerShell goes open source)

No comments :