Wednesday, November 01, 2017

ئەنجومەنی ڕیفڕاندۆم

لە ڕشتەی مرواریدا، دەگێڕێتەوە مەلاکان لە مزگەوت دەیانەوێ کۆببنەوە، مجەورەکە دەنێرن بە شوێن وتارخوێنەکەیان بێت بۆ کۆبوونەوە (اجتماع)، مجەور ڕا دەکات، بە پەلە، کە دەگاتە لای مەلای وتارخوێن دەڵێ، خێرا بانگت دەکەن لە مزگەوت بۆ (جیماع)، ئەویش لێی دووپات دەکاتەوە چی، مجەور دەڵێ (جیماع)،
مەلاش بە پەلە دوای دەکەوێ و هەر لە دەرگای مزگەوتیشەوە بەنەخوێنەکەی شل دەکاتەوە و خۆی بۆ (جیماع) ئامادە دەکا، کە دەگاتە ژوورێ واقی دەوڕمێ و دەڵێ من بۆ (جیماع) هاتم نەک (اجتماع). [١]

ئینجا ئەو برادەرانەی کە لە ئەنجومەنی ڕیفراندۆمیشدا  لەگەڵ بارزانیدا بوون، هەمان شت لە (ڕیفڕاندۆم) حاڵی ببوون، ئەگینا وا لایەکی کوردستانت لێ سەندرا، بە زەبری هێز گەمارۆی ئابووریت خراوەتە سەر و فڕین و سنوورەکانت لە دەست دەرهات، هەزارەها ماڵ و شوێنی کوردان لە کەرکووک و دوز وێرانکرا و هەزاران خێزان ئاوارەبوون، ئەمە بێ لە شەهیدبوونی پۆلێک پێشمەرگە و زامداربوونی دەیانی تر، بۆ دەنگیان نیە، بۆ لە ساحەی سیاسی و کۆمەڵاتیشا دیار نەمان، بۆ خۆیان دزیەوە لە بەرپرسیارێتی؟.

ئەوانە پێیان وابوو سەرۆک بارزانی بناوبن بەڵێنی هەیە و دەوڵەتی کورد ڕادەگەیەنێ، لەبەرئەوە کوێرانە لەگەڵی بوون، بەمەش ئەوانیش هەم لە حوکم و هەمیش لە خێروبەرەکەتی دەوڵەت و نازناوی نەتەوەیی بێبەش نابن و قارەمانی مێژوویان پێ ڕەوا دەبێ.

ئێستا تا ئەم ساتە، دیار نیە، بۆ پێشمەرگە لە شوێنێ شەڕ دەکا، لە شوێنێ دەکشێتەوە و لە شوێنی تریش ڕێکەوتن دەکات لەگەڵ حکومەت. تاکو ئەم ساتە دیار نیە، پەیوەندی داهاتوومان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هاوپەیمانەکانی تر چۆن دەبێ و کێ ڕێوشوێنی ئارامکردنەوە ئاسان دەکا؟ چۆن قەیرانی ئابووری و شکستهێنانی بەڕێوەبردن چارەسەر دەکەن، چۆن ئەو گرژی و ئاڵۆزییەی نێوان خەڵک و حکومەت و ناوخۆی حیزبەکان شی دەکەنەوە... کەسێکیان نتقیان نیە بەرانبەر ئەو هەموو ئاوارانەی کە لە زەبری حەشد و داپڵۆسینی عەسکەر ڕایان کردوە.

ئەوانەی کە ئەنجومەنی ڕیفڕاندۆم و ئەنجومەنی سەرکردایەتی سیاسیان دەکردە دەستکەلا و ڕۆژانە لە کەناڵەکانەوە قسەی باق و بریقیان دەکرد، با ئیتر وەکو ون بوون، نەیەنەوە، با ئیتر ڕێیان تەواو قەتیس بکرێ کە دەموچاویان لە میدیا و ڕۆژنامەکاندا نەمێنن، چونکە ئەوان (جیماع)ـیان دەویست نەک (اجتماع).


-------------------------
[١] داوای لێبوردن لە خوالێخۆشبوو عەلادین سوجادی و خوێنەرانی دەکەم، کە تەواوی نووسینەکەم لە یاد نەماوە و وەکو خۆی نەمهۆنیوەتەوە.


No comments :