Sunday, March 18, 2018

بڕیار لە کاتی خۆیدا


دەفرێک بهێنە، نیوەی پڕ بکە لە ئاوی سارد، بۆقێک بخەرە ناو دەفرەکەوە و بیخە سەر ئاگر.

لەگەڵ گەرمبوونی ئاوەکەدا بۆقەکە هەوڵ ئەدات بەگۆڕینی پلەی گەرمی لەشی ئارام بمێنێتەوە. ئاوەکە هێدی هێدی گەرم دەبێ و بۆقەکەش مت بووە و هیچ ناکا.[١]
تا ڕادەیەک کە ئیتر گەرمی ئاوەکە لە ئارامگرتنی بۆقەکەدا نامێنێ و بۆقەکە خۆی هەڵئەداتە دەرەوە. پاش ماوەیەکی کورت، لەولاوە بۆقەکە مردار دەبێتەوە.

زۆرکەس پێی وایە کە مردنی بۆقەکە بەهۆی پلەی گەرمای ئاوەکەوە بووە، بەڵام مردنی بۆقەکە بەهۆی درەنگ بڕیاری باز هەڵدانەوە بوو. ساتێک هەیە کە دەبێت بڕیاری تیا بدرێت و چاوەڕوان نەبین، بڕیارێک کە ژیانت ڕزگار بکا لە دەست گرفتێک، لە دەست خەڵکانی خراپ و لە دەست نالەباری.

پێویستە کە بڕیاردان لە بیر نەکەین، چونکە بڕیاری درەنگ وەخت، بایەخی نیە و گرفت چارەسەر ناکات و دۆخەکەمان ناگۆڕێ. بڕیار بدە تاکو خۆت ڕزگار بکەیت.

زۆرکەس هەن لە ژیاندا بڕیاردان هێندە دوا دەخەن کە لە دەفرەکەش نایەنە دەرەوە و بە مردوویی دەکوڵێن. 
ئەوانە دەستیان لە خۆیان و لە کۆمەڵگا شتووە، بەتەمای هیچ نەبوون. تۆ ئەگەر بایەخت بۆ خۆت و ژیانت دانەنا، دڵنیابە خەڵکیش چاوەڕێی باشترت لێ ناکا. 

جاران زۆرم دەبیست سەبری خوا چل ساڵە، یان وەکو پێغەمبەر ئەیوب، ئارامگرتن ئەرکە.. زۆر پەند و بەسەرهاتی تر کە هەندێکیان لە گێژاوی بڕیارنەداندا دەتهێڵنەوە و زۆرداری لە دەوروبەرەکەت قبوڵ دەکەیت، وەکو بۆقەکە هەست بە سووتانی خۆت ناکەیت. مرۆڤیش لەگەڵ گۆڕیندا خۆی دەگونجێنێ، سەرەتا کابرا پیاوی باش بوو، ئێستا فێڵباز و درۆزنە. کەواتە ئەو گۆڕینە قبوڵ مەکە و ئاکاری بۆق وەرمەگرە. 

گۆڕین، چارەسەرکردن، و بەدەستهێنان لە بڕیاردانەوە سەرچاوە دەگرن. ئەمڕۆ بڕیار بدە و سەرکەوتن بە دەست بهێنە، ئەمڕۆ خۆت ڕزگار بکە!


----------------------------------------------------------
 [١] 
زانای ئابووریناس و کۆمەڵایەتی (چارلس هاندی Charles B. Handy ) لە یەکێک لە تاقیکاریەکانیدا بۆی دەرکەوتووە "کە ئەگەر بۆقێک بخەیتە ئاوی ساردەوە و وردە وردە ئاوەکە گەرم بکەیت، بۆقەکە هیچ ناکا، بەڵام ئەگەر ڕاستەوخۆ بیخەیتە ئاوی گەرمەوە ئەوا زوو باز هەڵئەداتە دەرەوە."