Monday, April 23, 2018

ڕۆژی کتێب - ٢٣ی نیسان

کتێبی باش بکە بە باشترین هاوڕێ

ئەگەر خەڵک خواستی لەسەر نەبوو، لە ساڵێکدا بیست ڕۆژی کتێب هەبێ، بایەخی نابێ و خوێنەر زۆر ناکات.

ئەمڕۆ بەهۆی تەکنۆلۆجیاوە، زۆرینەمان ڕۆژانە بابەت و لێدوانی خەڵک لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندا لە هەموو بوارەکانی ژیاندا دەخوێنینەوە، جاران ئەو زانینە لە ڕێگەی گۆڤارێک یان ڕۆژنامە و بڵاوکراوەی ترەوە دەستمان دەکەوت. 
بیرم دێ تامەزرۆی ژمارەی داهاتووی (گۆڤاری علوم) بووم، بەخۆشیوە چاوەڕێی بڵاوکراوەی نوێمان دەکرد، کتێب گۆڕینەوە خوویەکی ترمان بوو لەگەڵ هاوڕێیاندا، بەتایبەتی لە سەردەمێکدا کە کتێبێکی نوێی عەزیز نەسین، ئەلبیرکامۆ یان کولن ویڵسون دەهاتە بازاڕ، دوای ڕۆژێک نەدەما. سەردەمێک کە سەرچاوەی فێربوون کتێب بوو!.
هەموو وتە باشەکانی دونیا لە کتێبدا نووسراونەتەوە - چینیەکان
کتێب بە باشترین هاوڕێی مرۆڤ تەماشا دەکرا، ڕژێمی بەعس ئەو هاوڕێیەشی لێ زەود دەکردین، زۆر کتێبی مێژووی هەبوون لە کتێبخانەکان، بۆمان نەبوو توخنیان بکەوین. زۆر نووسەر هەبوون کتێبەکانیان یاساخ کرابوو، زۆر چاپەمەنی هەبوو کتێبیان بڤەبوو بکەوێتە بازاڕ.. زۆر ڕووداو و بەسەرهاتی تر لەسەر کتێب و خوێندنەوە لای ئێوەیش هەیە دەزانم.

مرۆڤی کورد ئارەزووی فێربوونی زۆرە، نووسەر و وەرگێڕیش لەم دەمەدا دە هێندەی جارانە. پێشانگای کتێب بە پەنجەی دەست هەژمار ناکرێن، کەچی ڕۆشنبیریی و ئارەزووی بوونی کتێب ڕوو لە کزیە، نەک لەم نەوە نوێیەدا، بەڵکو خوێنەرە کۆنەکانیش هاوڕێ کۆنەکەی خۆیان لەبیر کردوە. بێگومان ئەوەی ئەمڕۆ بەراورد بە ڕابردوو زۆر و بۆرە، ڕێزمانی کوردیان تێکداوە، نووسینەکان کاڵ و کرچن، وایان کردوە خوێنەر دوور بکەونەوە. لەگەڵ ئەوەشدا خوێنەر دەتوانێ پەستان بکا و داوای باشتر بکا. خوێنەری باش کاریگەری دروست دەکات، ئەبێە هۆی داهێنانی زاراوە و دەربڕینی نوێ.

پرسیار بکە دوا ڕۆمان، دوا چیرۆک، دوا ڕاپۆرتی زانستیت کەی خوێندەوە؟ پرسیار بکە کەی بوو دوا ئاخاوتنت لەسەر ناوەڕۆکی بڵاوکراوەیەک لەگەڵ هاوڕێکانتدا؟، دەبیستیت کە وەڵامی زۆرینە سەرقاڵی ئینتەرنێت و هەواڵە بێبایەخەکانی تر کاتەکانیان دەبات و بواریان نەماوە. دیوێکی ترش دەڵێ:"من لە پارەوە زۆرتر لە دە کتێبم کڕیوە، چاوەڕێی خوێندنەوەن." 

وەرن با پێکەوە کلتووری خوێندنەوە زیندوو بکەینەوە، لە نێو منداڵاندا وەکو نەمام ئەو ئارەزووە بڕوێنین و کات دابنێین بۆ کتێب، بۆ باشترین هاوڕێ!
وەرن با دوای هەموو کتێبێک باسێک لەسەر ناوەڕۆکەکەی بکەین ، گفتوگۆیەکی کراوە بکەین لەسەر ڕێزمان و ئەدەبی نووسینەکان!



No comments :